پەیمانگەی تەکنیکی پێنجوێن. وێنە :964
بێ بودجە و مامۆستا بوو
پەیمانگەی تەکنیکی پێنجوێن تەمەنی هەر سێ ساڵ بەردەوام بوو
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
دوای بەڕێکردنی سێ وەجبە لە خوێندکارانی پەیمانگەی تەکنیکی پێنجوێن داخرا و ئیتر خوێندکاری دیکە وەرناگرێت، هۆکارەکەشی بۆ نەبوونی بودجە، مامۆستا و بەشەناوخۆیی دەگەڕێننەوە.
پەیمانگەکە لە ساڵی 2019، بۆ هەریەک لە بەشەکانی پەرستاری و کارگێڕی کار، وەک بەشێک لە پەیمانگەی تەکنیکی سلێمانی سەر بە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی کرایەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 13.11.2023، سەرچاوەیەکی بەرپرس لە پەیمانگەی تەکنیکی پێنجوێن بە 964ی وت، “هۆکاری داخستنی پەیمانگەکە بۆ نەبوونی باڵەخانەی شیاو، بودجە، نەبوونی مامۆستا و هۆڵی خوێندن و نەبوونی بەشەناوخۆیی خوێندکاران دەگەڕێتەوە”.
بێکارەبایی هاوڵاتیانی پێنجوێنی هەراسان کردووە
بەهۆی داخرانییەوە، تا ساڵی رابردوو سێ وەجبە لە خوێندکارەکانی بڕوانامەی دبلۆمیان پێدرا، بەوتەی هەمان سەرچاوە بێت، “ساڵی 2023 کۆتا وەجبەی خوێندکاران بووە، بۆ بەشەکانی پەیمانگە وەرگیراون، کە لە ساڵی خوێندنی 2022-2023دا تەنیا ژمارەیان 37 خوێندکار بووە، سەرجەمیان دانیشتووی قەزای پێنجوێن بوون”.
باڵەخانەی پەیمانگەی تەکنیکی پێنجوێن لەرابردوودا، سەنتەری لاوان و گەنجان بووە تا ساڵی 2019 و لە دوای ئەو رێکەوتەوە کراوە بە پەیمانگە، زانا رەحمان قایمقامی قەزای پێنجوێن بۆ 964 هەنگاوی کرداری خۆیانی ئاشکراکرد و وتی، “کۆتاجار لیژنەیەک لە قەزای پێنجوێن سەردانی سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی-مان کردووە تاوەکو پەیمانگەکە دانەخرێت، بەڵام ئەنجامی نەبووە”.
دانیشتوانی قەزای پێنجوێن زیاتر لە 10 هەزار کەسە و خوێندکارانی قەزاکە دوای تەواو کردنی پۆلی 12 روودەکەنە ناوچەکانی دیکە هەڵەبجە، سلێمانی و هەولێر بۆ تەواوکردنی خوێندنی باڵا.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا