عامودا کەوتووەتە ژێر زبڵ و خاشاک
ئەنجوومەنی نیشتمانی: شارەوانییەکان بەرپرسی یەکەمن لە سزانەدانی سەرپێچیکاران
فەرهاد حەسەن
ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سوریا لەسەر کێشەی پیسبوونی شاری عامودا لە رۆژیاوای کووردستان هاتە دەنگ و دەڵێت، کێشەی پیسی لەو شارە، بووەتە واقیعێکی رۆژانە کە بەسەر زۆربەی گەڕەک و شەقامەکاندا سەپێندراوە، زبڵ و خاشاک بە شێوەیەکی بەرچاو بەربڵاوە، ئەمەش لایەنە پەیوەندیدارەکانی خزمەتگوزاری و ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگای خستووەتە ژێر پرسیارەوە.
نووسینگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سوریا، لە راگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ شەممە بلاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە، زبڵ و خاشاکێکی زۆر لە کەناری رێگاکان و لە نێوان شوێنە نیشتەجێبوونەکان و تەنانەت لە نزیک دامەزراوە گشتییەکانیش کۆبووەتەوە، ئەم دۆخە نەک هەر لە رواڵەتی شارەکە کەمدەکاتەوە، بەڵکو مەترسی راستەوخۆشە بۆ سەر تەندروستی گشتی، بەتایبەتیش لەگەڵ بڵاوبوونەوەی مێروو و بۆنی ناخۆش و ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییە پەیوەندیدارەکان.
دەڵێت “ئەم قەیرانە، بەهۆی کەمی ژمارەی کۆنتێنەرەکان و ناڕێکی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاکە لەلایەن لایەنە خزمەتگوزارییەکانی پاکوخاوێنی و گەورەترین بەرپرسیارێتیش لەسەر دەسەڵاتی شارەوانییەکان دەمێنێتەوە، چونکە لە چاودێریکردن و سەپاندنی سزا بەسەر سەرپێچیکاران کەمتەرخەمن”.