ساڵی داهاتوو تەمەنی بەسەردەچێت
پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەم بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمسیۆن دەکات
964+
ئەحمەد مستەفا
بڕیارە بەیانی پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە، یەکێک لە بڕگەکان هەمواری یاسای کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقە، بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان کە لە مانگی کانوونی دووەمی 2024 وادەکەیان بەسەر دەچێت.
بە گوێرەی کارنامەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە بێت، رۆژی سێشەممە 14.11.2023 کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی نوێنەران، کە لە پێنج بڕگە پێکدێت، کاتژمێر 1:00ی پاشنیوەڕۆ بەڕێوەبچێت.
کۆمیسیۆن: ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان تەواو بووە
رۆژی 7.1.2023، تەمەنی یاسایی کۆمیسیۆن کۆتایی دێت، لەدوایی تەواوبوونی پرۆسەی دەنگدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان کۆمیسیۆن تەنیا 19 رۆژ تەمەنی یاسایی دەمێنێتەوەو بەوەش ناتوانێت پرۆسەی جیاکردنەوەو وردبینی و یەکلاییکردنەوەی سکاڵاکان و پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی ئەنجام بدات.
پێشتر، ژمارەیەک لە ئەندامانی فراکسیۆنە کوردییەکانیش هۆشدارییان دابوو، ئەگەر وابێت کۆمسیۆن ناتوانێت درێژە بە ئامادەکارییەکانی بدات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بۆیە وا پێویست دەکات تەمەنی درێژ بکرێتەوە.
دەقی کارنامەی کۆبوونەوەکە، بڕگەی پێنجەمی تێدا روونکراوەتەوە:
پێنجەم: خوێندنەوەی یەکەم بۆ یاسای پێشنیازکراوی هەموارکردنەوەی یاسای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ژمارە (31)ی ساڵی 2019.