حەوتەم دیوانیەتی

نەزەند بەگیخانی دیوانە شیعرێکی نوێ بڵاودەکاتەوە

پێشەوا محەمەد

“رۆژێک دادێ تۆ دەبیتە شۆڕەبی”، نوێترین دیوانی نەزەند بەگیخانیی شاعیرە و وەشانی نووسیار لە دووتوێی 170 لاپەڕەدا لە ئاییندەیەکی نزیکدا بڵاوی دەکاتەوە.

کتێبەکە لە هەشت بەش پێکهاتووە، کە وەک هەشت چڵەبی بە مۆتیڤ و هێڵکاریی هونەرمەندان قەرەنی جەمیل و رێبوار سەعید نەخشێندراوە.

بەشەکان بریتین لە؛ عەشق، لێکترازان، سروودی سروودەکان، پێگەیشتن، من ئەوی ترە، جەنگەکان درێژن، مەرگ و تاک – بوون لەکۆ-دا.

ئالان پەری، سەرپەرشتیاری وەشانی نووسیار بە 964ـی راگەیاند، ئەو دیوانە نوێیە لە رووی فۆڕم و تەکنیکەوە ئەزموونێکی نوێی نەزەند بەگیخانیی شاعیرە.

نەزەند بەگیخانی، نووسەر و شاعیر و مامۆستای زانکۆیە. لە ساڵی 1987ـەوە لە دەرەوەی وڵات دەژی و لە زانکۆی سۆربۆنی فەڕەنسا خوێندنی ئەکادیمی تەواو کردووە و ماوەی 15 ساڵ لە زانکۆی بریستلی بەریتانیا کاری کردووە.

شەش دیوانی شێعری هەیە و بە زمانەکانی فەڕەنسی و ئینگلیزیش دەنووسێت و بە زمانی فەڕەنسی سێ دیوانی هەیە.

ساڵی 2012 بە دیوانی “دوێنێی سبەینێ” خەڵاتی فێمینی شیعری فەڕەنسی بەناوی “سیمۆن لاندری” وەرگرتووە.