لە سلێمانی 19هەزار دۆلاری ساختە دەستیبەسەردا گیرا
+964
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
سێ کەس لە کاتی ساغکردنەوەی دۆلاری ساختەدا لە بازاڕی دۆلارەکەی شاری سلێمانی دەستگیر کران. پۆلیسی سلێمانی دەڵێت،”ئەو کەسانە ویستوویانە سوود لە شڵەژاویی بازاڕەکە وەربگرن و دۆلارەکەیان بفرۆشن.
سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە +964ـی راگەیاند،”چاودێریی ئەو کەسانە کراوە و دواجار لە لایەن پۆلیسی نەهێشتنی تاوان و نووسیگەی ساختەکاری دەستگیر کراون.
زانیارییەکانی پۆلیس روونی دەکاتەوە، ئەو سێ کەسە 19 هەزار و 500 دۆلاری ساختەیان پێ بووە.
“ویستوویانە سوود لەو ئاڵۆزییەی بازاڕی دۆلارەکە وەربگرن، کە چەند رۆژێکە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارەوە رووی تێکردووە”، وتەبێژەکەی پۆلیسی سلێمانی وای وت.
چەند رژێکە بەهای دۆلار لە بەرزبوونەوەدایە بەهای سەد دۆلار تا نزیکی 160 هەزار دینار بەرز بووەوە، بەڵام ئەمڕۆ نرخکەی بۆ 155 هەزار دینار نزم بووەتەوە.