وتەبێژی حکومەتی هەرێم وا دەڵێت

سبەی وەزیری نەوتی عێراق لە هەولێر دەبێت و دوو بۆ سێ رۆژ دەمێنێتەوە

ژووری هەواڵ

ئەمڕۆ ئێوارە وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، سبەی وەزیری نەوت و تیمێکی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن.

پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێم دەڵێت، سەردانەکە لەسەر رێککەوتنی هەردوو سەرۆک وەزیران بووە و دێن بۆ هەولێر و لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دۆسیەی نەوتی هەرێم و کێشەکانی پێکەوە چارەسەر بکەن.

بەگوێرەی قسەی وتەبێژی حکومەت، بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەکان کێشەی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت و رێکارەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمەو بۆ ئەم پرسە دوو بۆ سێ ڕۆژ دەمێننەوە.

ماوەی نۆ ساڵە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم کێشەی لەنێوان هەرێم و بەغدا دروستکردووە.

لە 25.3.2023 هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە راگیراوە، ئەوەش دوای بڕیاره‌که‌ی دادگای ناوبژیوانی پاریس، سەرەڕای ئەوەی کە حکومەتی هەرێم و بەغدا رێکەوتنیان لەبارەی هەناردەکردنییەوە واژۆکردووە، بەڵام هێشتا هەناردەی نەوت دەستی پێنەکردووەتەوە.