ژمارەیەک کۆڵبەر لە سنوورەکانی رۆژهەڵات - وێنە: سۆشیال میدیا
29 بریندار و دوو گیانلەدەستدان
کۆڵبەرانی رۆژهەڵات 20 رۆژی خوێناوییان بەڕێکرد
964+
پێشەوا محەمەد
لە ماوەی 20 رۆژی رابردوودا 29 کۆڵبەر لە سنوورە شاخاوییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بریندار بوون و بەوتەی رێکخراوی هەنگاو دووانیش کوژراون.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کە چاودێریی رەوشی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات دەڵێت، “ئەو کۆڵبەرانە سەرجەمیان بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون و بریندار کراون”.
کۆڵبەرەکان لە سنووری بانە، نەوسوود و هەنگەژاڵە بریندار کراون.
“برینی ژمارەیەک لەو کۆڵبەرانە سەختە و ئێستا لە دۆخی ناجێگیری تەندروستیدان و روون نییە لە ژیاندا دەمێنن یاخود نا”، رێکخراوی هەنگاو وادەڵێت.
ئامارەکە لە 18.10.2023 تا 9.11.2023 لەو سنوورانە وەرگیراوە، کە ئەو کۆڵبەرانەیان تێدا بریندار کراون یان کوژراون.
رێکخراوەکە زیاتر دەشڵێت، “زۆرینەی ئەو کۆڵبەرانەی کە بریندار کراون یان کوژراون خاوەن خێزان و منداڵن و بەدوای سەرچاوەی بژێویانەوە بوون کاتێک تەقەیان لێکراوە و بریندار کراون”.