پرۆسەکە خێراتر دەکرێت

دوای چوار مانگ 2000 هەزار سەگی بێلانە کۆکراوەتەوە

فەهمی نەبی

خزمەتگوزاری ژینگەپارێزی هەولێر بڕیاریداوە پرۆسەی کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان خێراتر بکات، ژمارەی سەگە بێلانەکان لەو پەناگەیە گەیشتووەتە 2000 سەگ.

ژیار جەلال، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری ژینگەپارێزی هەولێر بۆ 964 وتی، لەماوەی 40 رۆژدا دوو هەزار سەگ لەو پەناگەیە کۆکراوەتەوە.

ئەوەش دەڵێت، رۆژانە 50 تا 70 سەگ دەگیرێت و دەگوازرێتەوە بۆ ئەو پەناگەیە، پرۆسەکە زۆر خێرا کراوە و بەردەوامی دەبێت.

بەپێی وتەی بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری ژینگەپارێزی هەولێر، دوو کارمەند لەکاتی دەوامی ئاسایی سکاڵای هاوڵاتیان وەردەگرن، ئەو رۆژە چەند سەگێک چووبوون بۆناو قوتابخانەیەک، تەلەفون کرا و تیمەکان گەیشتە شوێنەکە و سەگەکانیان گواستەوە پەناگەی هەولێر بۆ سەگە بێلانەکان.

پەناگەی هەولێر بۆ سەگە بێلانەکان دوو تیمی هەیە، سەرەتا سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ڤێرتەرنەری بوو، بەڵام لە دواین کۆبوونەوەی پارێزگای هەولێر ئەو پەناگەیە خرایە سەر بەڕێوەبەرایەتی ژینگەپارێزی خزمەتگواری هەولێر.

رۆژی 8.7.2023 یەکەم رۆژی هەڵمەتی سەگە بێلانەکان لە ناحیەی دارەتووی هەولێر دەستیپێکرد.

چەند رۆژێک لەمەوبەر 964 بەراوردی ئاماری دوو مانگی حاڵەتەکانی گەستنی سەگ لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێری بڵاوکردەوە، دەرکەوت حاڵەتەکان هەڵکشاون، بەجۆرێک لەمانگی 9 ئەوانەی سەگ گەستوونی و گەیەندراونەتە نەخۆشخانە ژمارەیان 36 حاڵەت بووە، بەڵام لەمانگی 10 ئەو ژمارەیە بووەتە 68 حاڵەت.