جوتیارێک سەرقاڵی کارکردنەوە و ئۆتۆمبیلێکی سەربازیش هاتووە بۆ لێکۆڵینەوە _ وێنە: تۆرە کۆمەڵایەتییەکان لە داقوق
سوپا هاتووە بۆ لێکۆڵینەوە
لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی داقوق بۆمب دانرایەوە
کاروان ساڵحی – کەرکوک
ئەمڕۆ شەممە بۆمبێکی چێندراو لە نزیک زەوییە کشتوکاڵییەکانی جوتیارانی کورد لە داقوق دانرایەوە، سەرچاوەیەکی سەربازی لە سوپای عێراق لە ناوچەکە بە 964 وت، “دەستمان بە لێکۆڵینەوە کردووە”.
دوێنی هەینی 10.11.2023، لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی داقوق لە رێگای بۆمبێکی چێندراوە، بیری ئاوی جوتیارێکی کورد تەقێندرایەوە، ئەمرۆ شەممە، بە وتەی یەکێک لەو جوتیارانە بێت، “دووبارە بۆمبێکی چێندراو لە ژێر محاویەلەیەکی کارەبا و لە زەوییەکی کشتوکاڵی دانراوە”.
شێخ عزەدین تاڵەبانی، کەسایەتییەکی ناسراوی قەزای داقوقە و خاوەن زەوی کشتوکاڵییە، ئەو بە 964ی وت، “زەوییە کشتوکاڵییەکەم دەکەوێتە نێوان گوندی عەبدوڵا غانم و یەنگیجە، دوێنێ هەینی لە رێگەی نارنجۆکەوە بیری زەویەکەمییان تەقاندەوە، ئەمڕۆ کە هاتین بۆ کارکردن ببینیم جارێکی دیکە بۆمبێکی چێندراویان لە ژێر محاویلەی کارەباکەدا داناوە”.
ئەو جوتیارە، کە بۆمبەکەی بینیوە دەستبەجێ هەواڵی بە سوپای عێراق داوە، تا لە رێگای تیمێکی پسپۆڕەوە بۆمبەکەیان پوچەڵکردوەتەوە، عزەدین تاڵەبانی، وتی، “هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ کەس نییە، دانانی ئەم بۆمبانەش پێدەچێت، تەنیا بۆ ئەوە بێت کورد لە ناوچەکەدا نەمێنێت”.
لە بارەی رووداوەکەوە، سەرچاوەیەکی سەربازی لە هەواڵگریی سوپای عێراق ئەوەی بە 964 وت، “پاش رووداوەکە و ئاگاداربوون لە بۆمبە چێندراوەکە، هێزێکیان دەستی بە لێکۆڵینەوە و گەیشتن بە سەرەداو کردووە”.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا