ئەگەر بارهەڵگرەکەت بەناوەوە نەبێت ناتوانی لێیبخوڕیت
964
دیلان محەمەد جەزا
ئەو کەسانەی شۆفێری بارهەڵگری گەورەن گەر ئۆتۆمبێلێکیان بە ناوەوە نەبێت یاخود لە کۆمپانیایەک کار نەکەن مۆڵەتی بارهەڵگری گەورەیان پێنادرێت، شۆفێرێک دەڵێت، کێشەم بۆ دروست بووە ناتوانم ئەو بارهەڵگرەی پێمە لێیبخوڕم.
بەکر قادر شۆفێری بارهەڵگر بە 964ـی وت، ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگری ناسیاوێکی پێیە چەند ساڵە کاری پێدەکات، بەڵام لەوەتەی مۆڵەتی شۆفێری گۆڕاوە بۆ ئەو جۆرە نوێیە گرفتی بۆ دروست بووە.
باسی لەوەکرد، دەبێت خاوەنی بارهەڵگرەکە ئەو ئۆتۆمبێلە بکات بە ناویەوە پاشان لە هاتوچۆ مۆڵەتی بارهەڵگری گەورەی پێدەدەن.
لەسەر ئەم بابەتە رائید بەهمەن عەبدوڵا وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی بە 964ـی وت، ئەو کەسانەی لە رابردوودا مۆڵەتی گشتییان هەبووە لە کاتی نوێکردنەوەی مۆڵەتەکەیدا، بۆی دەگۆڕدرێت بۆ مۆڵەتی پلاستیکی تا حەوت تۆن و نیو دەتوانێت لێبخوڕێت.
وتیشی، پاشان بۆ ساڵێک دوای ئەوە کوڕاسە وەردەگرێت و پشکنینی چاو دەکات و بۆی دەگۆڕدرێت و ساڵ بە ساڵ دەتوانێت داوای جۆری گەورەتر بکات.
ئەوەشی خستەڕو، ئەو کەسانەی لە کۆمپانیایەک شۆفێرن، دەبێت گرێبەستەکەی لەگەڵ کۆمپانیاکە بهێنێت و بیباتە دەستەبەری کۆمەڵایەتی و لەوێ دەستەبەری بۆ کرابێت وەک شۆفێری ئەو بارهەڵگرە، پاشان دەتوانن مۆڵەتی بارهەڵگری گەورەی پێبدرێت.
ئەو کەسانەی بارهەڵگرێکیان هەیە و دەیدەنە دەست کەسێک کاری پێوە بکات، ئەوا جۆری مۆڵەتەکەی بۆ ناگۆڕدرێت بە بارهەڵگری گەورە، گەر نەکرێت بە ناوی شۆفێرەکەوە ئۆتۆمبێلەکە یان کەسی پلە یەکی، وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی وای وت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی