70 ساڵ ژیان لەگەڵ ئەسپە ئاسنینەدا
+964
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
تەمەنی پێنج ساڵ دەبێت، کاتێک دەچێتە لای یوسفی عەبەکەی برای کە دوکانی ئەسپە ئاسنینەی هەبووە.
ئەوکات ساڵی 1954 بووە، تا ئێستا کە ساڵی 2022 ئەو هەر بەردەوامە و یۆبیلی زێڕینی لەگەڵ پایسکل تێپەڕاندووەو نزیک دەبێتەوە لە 70 ساڵ لەگەڵ پایسکلدا دەژیت.
سلێمانی عەبەکە؛ لە گەڕەکی ئیبراهیم پاشای سلێمانی دەژی و تەمەنێکە لە گەڵ پایدەر و زنجیر و تایەی پاسکلیدا دەژیت.
“سەرەتا لە سلێمانی تا ساڵانێکی زۆر بە پاسکیلیان دەوت ئەسپە ئاسنینە، هەتا ناوی پاسکیل لەناو خەڵکدا بڵاوبووەوە و ناوەکەیان گۆڕی”، سلێمان عەبەکە وای بۆ +964 گێڕایەوە.
ئەو دەڵێت؛ ئەوکاتە بریکاری یەکەمی پاسکیل بوون لە شاری سلێمانیدا و لە لایەن کۆمپانیایەکی ئینگلزەوە بریکارییان دراوەتێ و لە بارەکانیاندا لە دوو سندووقی گەورەدا 50 پاسکیلیان بۆ هاتووە.
دوکانەکەی سلێمانی عەبەکە لە گەڕەکی ئیبراهیم پاشای سلێمانییە و هیچ گواستنەوەیەکیشیان نەکردووە و هەر لەو شوێنە ماونەتەوە.
وەک خۆی دەیگێڕێتەوە، دوای رووخانی دەسەڵاتی مەلیک فەیسەڵ بریکارێتییان لەگەڵ ئینگلیزەکان هەڵدەوەشێتەوە و سەردانی یابان دەکات و لەوێوە پاسکیل هاوردە دەکات، ئێستاش لە وڵاتی چین و هیندەوە پاسکیل دەهێنێت.
سلێمانی عەبەکە 42 هەمین بازرگانی پاسکیلە لە عێراقدا و دەڵێت؛ چەندان هەوڵی داوە کارگەی دروستکردنی پاسکیل لە سلێمانی بکاتەوە و داوای لە حکومەتی عێراقیش کردووە، بەڵام وتوویانە پێویستمان پێی نییە.