کۆمسیۆن کارمەندەکانی دەکاتە هەمیشەیی

 964+

توانا نەقی – هەولێر

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن، 320 کارمەندی دەکاتە هەمیشەیی، ئەمەش دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق.

کۆبوونەوەکە دوێنێ سێشەممە 27ـی ئەم مانگە ئەنجامدراوە، دوای ئەوەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵا کۆبووەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا، بڕیاری بە هەمیشەیی کردنی 320 فەرمانبەری گرێبەستی کۆمسیۆن درا.

ئەحمەد مازن، بەڕێوەبەری راگەیاندنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە هەرێمی کوردستان بۆ 964+ روونیکردەوە کە دووجۆر کارمەندی کۆمسیۆنمان هەیە، ئەوانەی تەنیا کاتی هەڵبژاردن گرێبەستی شەش مانگیان بۆ دەکرێت، ئەوانەشی فەرمانبەری هەمیشەیین بەڵام بە گرێبەست.

زیاتر دەڵێ؛ ئەوانەی گرێبەستی هەڵبژاردنن دانامەزرێن، بەڵام ئەوانەی هەمیشەیین بە گرێبەست ئەوان دادەمەزێن کە ژمارەیان 320 کەسن.

ئەو 320 کارمەندە، لە ساڵی نوێ دادەمەزێن، بەشێکیان لە ئۆفیسەکانی کۆمسیۆنی عێراقین لە هەرێمی کوردستان. پێوەند بە کۆمسیۆنی هەرێمی کوردستانیش، هەندرێن محەمەد، سەرۆکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان بە +964ـی راگەیاند؛ پلانی دامەزراندنمان نییەو ئەوانەشی دادەمەزرێن، هی کۆمسیۆنی عێراقن و پەیوەندی بە ئێمەوە نییە.