تەواوبوونی رێگای قیری ئاڕاستەی چوون بۆ گەڕەکی بەکرەجۆ لە یەکتربڕی باخی بەختیاری _ وێنە: 964
پرۆژەکە لە قۆناغی کۆتایدایە
ئاڕاستەیەکی یەکتربڕی باخی بەختیاری لە سلێمانی دەکرێتەوە
ژووری هەواڵ
هەفتەی ئایندە ئاڕاستەی چوون بۆ گەڕەکی بەکرەجۆ لە یەکتربڕی باخی بەختیارییەوە دەکرێتەوە، جێگری سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی بە 964ی وت، پرۆژەکە لە تەوابووندایە.
پڕۆژەی یەکتربڕی باخی بەختیاری لە دوو ئەندەرپاس پێكهاتووە، دەكەوێتە سەر شەقامی سەرەكی سلێمانی بۆ تاسڵوجە، هەردوو گەڕەكی بەكرەجۆ و قلیاسان بە یەكەوە دەبەستێتەوە.
ئەحمەد حوسێن ئەندازیار و سەرپەرشتیاری پڕۆژەكە بۆ 964 وتی، ” ئێستا لە قۆناغی سێیەم و كۆتایی پڕۆژەكەداین، بە تەواوبونی هەردوو ئەندەرپاسەكە، ئەو ئاستەنگە زۆرەی لەسەر شەقامی سەرەكیی سلێمانی بۆ تاسڵوجە هەیە، ئیتر نامێنێت.
بە وتەی ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە، ئاستەنگییان نەیەتە پێش، مانگی یەکی 2024 پڕۆژەكە تەواو دەکرێت.
هاوکات ئاكۆ عەلی، جێگری سەرۆكی شارەوانیی سلێمانی لە بارەی قۆناغەکانی پرۆژەکە ئەوەی بە 964 وت، “لە کۆی هەردوو ئەندەرپاسەکە، ئەندەرپاسی چوون بۆ بەكرەجۆ كۆتایی بەكارەكانی هاتووە، هەفتەی ئایندە دەکرێتەوە”.
تێچووی پڕۆژەكە 13ملیار دینارە، بە گوێرەی داتای سەرپەرشتیارانی پرۆژەکە بێت لەسەدا 75 كارەكانی تەواو بووە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا