964+
دانە غاز بڕیاریداوە
ساڵی داهاتوو بەرهەمهێنانی غاز بۆ دوو هێندەی ئێستا بەرز دەبێتەوە
964+
پێشەوا محەمەد
کۆمپانیای دانە غاز راپۆرتی دارایی نۆ مانگی ئەمساڵی بڵاوکردەوە و تیایدا رایدەگەیەنێت، ساڵی داهاتوو بەرهەمهێنانی غاز لە 250 بۆ 750 ملیۆن پێ سێجا بەرز دەکاتەوە.
لە راپۆرتەکەدا کە ئەمرۆ چوارشەممە 8.11.2023 بڵاویکردووەتەوە دەردەکەوێت، تەواوى قازانجى نۆ مانگى ئەمساڵى کۆمپانیاکە 126 ملیۆن دۆلار بووە و بەراورد بە هەمان کاتى ساڵى رابردوو 35 ملیۆن دۆلار کەمى کردووە.
ئـاماژە بەوەش کراوە، کە تێکڕاى بەرهەمهێنانى نەوت لە هەرێمى کوردستان بە رێژەى 8% بەرز بووەتەوە و گەیشتووەتە 37 هەزار و 150 بەرمیل نەوتى رۆژانە.
هەر بەپێی راپۆرتەکە، رۆژانە 165 ملیۆن پێی سێجا گازی سروشتی زیاد بووە و رێژەى بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکەش 8% بەرز بووەتەوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە داهاتى کۆمپانیاکە بە رێژەى 21% دابەزیووە و گەیشتووەتە 326 ملیۆن دۆلار، بەراورد بە ساڵى 2022 کە لە نۆ مانگى ساڵەکەدا داهات 415 ملیۆن دۆلار بووە.
دانە غاز لە راپۆرتەکەیدا ئاشکراىکردووە، ساڵى داهاتوو پڕۆژەى پەرەپێدانی KM250 تەواو دەبێت و دواتر بەرهەمهێنانی غاز لە 250 ملیۆن پێ سێجاوە بۆ 750 ملیۆن پێ سێجای رۆژانە بەرزدەبێتەوە.