داوای دیکەشیان هەیە
ژمارەیەک مامۆستا لە هەولێر: دەبێت حکومەت دۆخەکە ئاسایی بکاتەوە
964+
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
ژمارەیەک مامۆستای قوتابخانەکانی هەولێر گردبوونەوە، جگە لە داواکاری پێدانی موچەکانیان داواشیان کرد، پلە بەرزکردنەوە دەستپێبکاتەوە و مامۆستایانی وانەبێژ دابمەزرێندرێن.
ئەوان ژمارەیەک لە مامۆستایانی ناڕازی قوتابخانەکانی هەولێر بوون، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 7.11.2023 لە ناو پارکی کانیاو لە شەقامی کەسنەزان یاداشتنامەیەکیان خوێندەوە.
نەوزاد عومەر نوێنەری مامۆستاکان بە 964ی وت، “ئێمە لە رێگەی بایكۆت و ناڕەزایەتییەوە دەمانەوێ، بە یەكجاری چارەسەری كێشەكانی مامۆستایان و فەرمانبەران بكرێت، کە داكۆكی لە مافەكانیان دەكەین”.
مامۆستایان و فەرمانبەران ئەمڕۆش خۆپیشاندان دەکەن
ئەوەشی وت، “داواكاری ئەوان هی ئێمەشە، داوا لە حكومەت دەكەین پلە بەرزكردنەوە دەستپێبكاتەوە، کە ماوەی 10 ساڵە وەستاوە و دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ و موچەی مانگەكانی نۆ و دە چارەنووسی دیاریی بكرێت”.
ئەو مامۆستایە داوای کرد، بە زووترین كات دەست بە دابەشکردنی موچە بکرێت، بۆ ئەوەی ئەو مامۆستایانە بایکۆتی دەوامیان کردووە بگەڕێنەوە دەوام، ئەگەر حكومەت دەیەوێ پڕۆسەی پەروەردە پەكی نەكەوێت، دەبێت ئەم حاڵەتە بگەڕێنێتەوە سەر دۆخی خۆی”.
لە دەستپێکی وەزری خوێندنەوە، مامۆستایانی هەریەک لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندیان کردووە و لە هەندێک ناوچە قوتابیانی قۆناغی 12 دەخوێنن، هەروەها لە بەشی هەرەزۆری قوتابخانەکانی هەولێر و دهۆک دەوام ئاسایی بەردەوامە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا