دیمەنێک لە دوو سایدەکەی حاجیاوا کە هێلکارییەکەی کاڵ بووەتەوە. وێنە:تۆرە کۆمەڵایەتییەکان
بۆچی دیارنەما؟
هێڵکارییەکەی دووسایدی حاجیاوا هەفتەیەک بڕی نەکرد
964+
ژێوار خدر – راپەڕین
هێڵکارییەکەی دووسایدی حاجیاوا دوو رۆژ بڕی نەکرد و بەحاڵ ئاسەواری بەسەر شەقامەکەوە ماوە، بنکەی هاتوچۆی حاجیاوا راپۆرتیان داوەتە هاتوچۆی راپەڕین تا لێکۆڵینەوەی لەبارەوە بکەن.
بەشی ئەندازەی بنکەی هاتوچۆی حاجیاوا کارەکەی کردووە و ماوەی هەفتەیەک پێوەی خەریک بوون، بەڵام بە باشی بەرهەمی خۆیان نەبینی و هێڵکارییەکان کاڵبوونەتەوە و لە هەندێ شوێنیش نەماون.
باوەڕ مەحمود، لێپرسراوی کارگێڕی بنکەی هاتوچۆی حاجیاوا بە 964ـی راگەیاند، ئەو شەقامە بارهەڵگری زۆری پێدا دەڕوات و گومان دەکەن هێڵکارییەکە وشک نەبووبێتەوە و بەسەریدا رۆیشتبن بۆیە وایلێهاتووە.
وتیشی، “راپۆرتی خۆمان داوەتە هاتوچۆی راپەڕین و ئەوان لێکۆڵینەوەی لێدەکەن ئاخۆ هۆکارەکەی مادە بەکارهێندراوەکە بووە یان ئۆتۆمبێلەکان، ئەوانیش بڕیار دەدەن ئاخۆ هێڵکارییەکە دووبارە بکرێتەوە یاخود نا”.
درێژی ئەو دووسایدە پێنج کیلۆمەترە.
964پەیوەندی بە عەلی عەبدوڵا، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی راپەڕینەوە کرد و وتی، “زۆرجاو ئەو کێشانە بەهۆی هاوکاری نەکردنی هاوڵاتیانەوە روو دەدەن، بەهۆی ئەوەی چاوەڕێ ناکەن هەتا هێڵکارییەکە وشک دەبێتەوە و بە ئۆتۆمۆبێل بەسەر شەقامەکەدا تێدەپەڕن و ئەمەش وادەکات هێڵەکان بسڕێنەوە و نەمێنن”.
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد