لە 130 ژوور پێکدێت

سەنتەرێکی چارەسەری شێرپەنجە لە دهۆک دەکرێتەوە

ژووری هەواڵ

بەردی بناغەی سەنتەری چارەسەری نەخۆشیی شێرپەنجە بە رێگەی تیشک لە دهۆک داندرا و بڕیارە لە ماوەی 500 رۆژدا دروست بکرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە 6.11.2023، لە رێورەسمێکدا بەردی بناغەی سەنتەرەکە دانرا و بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی تەندروستی، 17 ملیار و 322 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان دەکرێت.

سەنتەری چارەسەری نەخۆشیی شێرپەنجە لە دهۆک، لە 130 ژوور پێکدێت و لەسەر رووبەری 17 دۆنم زەوی دروست دەکرێت.

بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی، لە کۆی 100 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان، 151 کەسیان تووشبووی شێرپەنجەن، وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، دۆخی شێرپەنجە لە هەرێم بەراورد بە ئاستی ستانداردی نێودەوڵەتی باشترە.