حەوت کەس بە تۆمەتی “دەستدرێژی سێکسی” بۆ سەر کچێک دەستگیرکران
+964
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، حەوت کەسیان دەستگیرکردووە کە دەستدرێژیی سێکسییان کردووەتە سەر کچێک لە پاش ئەوەی رفاندوویانە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکردووە، دوای ئەوەی هاوڵاتیەك سكاڵای لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی تۆمار كرد كەوا كچەكەی دیارنەماوە، پۆلیس لێكۆڵینەوەكانی دەستپێكردووە و دەركەوتووە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەكییەوە لە تیكتۆك كچەكە ماڵی بەجێهێشتووە و لە ترسا هەڵاتووە.
لە راگەیەندراوەکەی پۆلیسدا هاتووە، سەرەتا توانراوە دوو تۆمەتبار دەستگیر بكرێن، كە ڤیدیۆكەیان بڵاو كردبووەوە، دواتر لە ماوەیەكی كەمدا كچە ونبووەكە دۆزراوەتەوە و دەركەوتووە لە ماوەی دیارنەمانیدا لە لایەن پێنج تۆمەتبارەوە رفێندراوە و لەناو شوقەیەكدا دەستبەسەر كراوە و دەستدرێژیی سێكسییان كردووەتەسەر.
هەر لە راگەیەندراوەکەی پۆلیسدا روونکراوەتەوە، بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 430 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە و دانیان ناوە بە تاوانەكەیاندا .
ئاماژە بەوەش دراوە، دوای دۆزینەوەی کچەکە لە لایەن هێزەكانی پۆلیسەوە، بە بڕیاری دادوەر كچەكە رەوانەی نەخۆشخانە كراوە بۆ چارەسەری پزیشكی و پشكنینی پێویست لەوبارەیەوە، لە ئێستاشدا رەوانەی خانەی داڵدەدان کراوە لە سلێمانی.
+964 پەیوەندیی بە نەقیب سەرکەوت ئەحمەت، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانییەوە کرد، ناوبراو وتی جگە لەو راگەیەندراوە هیچ روونکردنەوەیەکی تریان لەوبارەیەوە نییە.