ناکرێتە مەرجی وەرگرتن

وەرگرتنی قیستی یەکەمی خوێندنی پاراڵێل دوادەخرێت

964+

ژووری هەواڵ

حکومەتی هەرێم داوای لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کرد کە لە وەرگرتنی قیستی کرێی خوێندنی پاراڵێل ئاسانکاری بۆ خوێندکاران بکەن و پەلە نەکرێت لە وەرگرتنی پارە لێیان.

ئەمڕۆ یەکشەممە 5.11.2023، سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە نووسراوێک کە واژۆی ئومێد سەباحی بەسەرەوەیە و ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژنەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە، جەخت لەسەر هاوکاریکردنی قوتابییانی خوێندنی پاراڵێل دەکرێتەوە.

لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، لەسەر راسپاردەی نوسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، بە مەبەستی ئاسانکاری پێویستە رەچاوی دۆخی خراپی دارایی خوێندکاران بکرێت.

“پێویستە وەرگرتنی قیستی یەکەمی کرێی خوێندنی قوتابییانی پاراڵێل دوابخرێت و نەکرێتە مەرجی وەرگرتن و دەستپێکردنی ساڵی خوێندنی 2023-2024 لە زانکۆ و پەیمانگەکان”، ئەمە بەپێی نوسراوەکەی سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان.

وەزارەتی خوێندنی باڵا: داوا لە زانکۆ حکومیەکان دەکەین ...

وەزارەتی خوێندنی باڵا: داوا لە زانکۆ حکومیەکان دەکەین نوسراومان بۆ بەرزنەکەنەوە