پڵنگه جاكواره‌كان لە قۆپی قه‌ره‌داغ ده‌ركه‌وتنه‌وه‌

+964

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

جارێكی دیکەش له‌ شاخی سه‌گرمه‌و قۆپی قه‌ره‌داغ بڵنگه‌كان ده‌ركه‌وتنه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ وێنه‌ى ڤیدیۆى سێ پڵنك ده‌بینین، كه‌ كامێراكانى چاودێری، كه‌سێكی ژینگه‌دۆستى ئه‌و ناوچه‌ وێنه‌ى گرتوون.

جه‌لال شێخ كه‌ریم، وه‌ك ژینگه‌دۆستێك، له‌باره‌ى ده‌ركه‌وتنه‌وه‌ى ئه‌و پڵنگانه‌ به‌ +964ـی وت “ئه‌و پڵنگانه‌ى له‌ ڤیدیۆكه‌ ده‌بینرێن، له‌و چوار دانه‌ پڵنگه‌ن كه‌ له‌ ناوچه‌كانى چیاى سه‌گرمه‌و قۆپی قه‌ره‌داغ هه‌ن”.

به‌قسه‌ى ناوبراو، ئه‌و پڵنگانه‌ ته‌نها له‌ناو قۆپییه‌كان و ناو شاخ و ئه‌شكه‌وته‌ سه‌خته‌كاندا ده‌ژین، له‌ ئاوه‌دانییه‌كان نزیك نابنه‌وه‌.

له‌باره‌ى جۆرى ئه‌و پڵگانه‌ش وتى “ئه‌و جۆره‌ پڵنگه‌ى لێره‌ هه‌یه‌، له‌ ئه‌وروپا پێیده‌ڵێن جاكوار، ته‌نها له‌ كوردستان و ئێران و هیندستان و ئه‌فغانسانیشدا هه‌ن”.

ئه‌و، رێكخراوى تایبه‌ت به‌ ژینه‌گه‌یی نییه‌، به‌ڵام كه‌ رێكخراوه‌كانى ژینگه‌یی دێنه‌ ناوچه‌كه‌ى،‌ هاوكاریی و كارئاسانیان بۆ ده‌كات.

ده‌شڵێ “له‌ ساڵانى شه‌سته‌كانیش له‌و ناوچه‌یه‌ ئه‌و جۆره‌ پڵنگه‌ى لێبووه‌، خۆم تا ئێستا سێ چوار جار بینیومن، ئه‌و سنووره‌ى لێشى ده‌ژین ‌هه‌موو قۆپییه‌كانى قه‌ره‌داغ له‌ ناوچه‌كانى جافه‌رانه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ شاخه‌كانى ده‌ربه‌ندیخانه‌”.

كه‌ڵه‌كێوی و بزنه‌ كێوی و رێوی و چه‌قه‌ڵ و به‌راز و گورگ و به‌له‌ك و چالاكه‌ و و جۆره‌ ئاژاڵێكیشى لێیه‌ له‌نێوان پشیله‌و پڵنگه‌، له‌و ئاژه‌ڵاڵه‌ن كه‌ له‌و ناوچه‌یه‌دا هه‌ن.

جه‌لال كه‌ریم، نزیكه‌ى 12 ساڵیشه‌ له‌ وه‌رزى گه‌رما و هاویناندا پێویستییه‌كانى دابینكردنى ئاو بۆ ئه‌و ئاژه‌ڵه‌ كێویانه‌ دابین ده‌كات‌.

گله‌یی له‌ ده‌زگا ژینگه‌ییه‌كانى هه‌رێمی كوردستان ده‌كات كه‌ له‌به‌رامبه‌ر پاراستنى ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ له‌و ناوچه‌یه‌دا كه‌مته‌رخه‌من، به‌ڵام ده‌ڵێ “ده‌زگاى ژینگه‌ى عێراقی كه‌ لقێكیان له‌ سلێمانى هه‌یه‌ سه‌ردانیان كردووین”.

سه‌باره‌ت به‌ دیارده‌ى راوكردنیش له‌و سنووره،‌ جه‌لال كه‌ریم، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌وان له‌ ته‌واوى ناوچه‌كه‌ى خۆیان راوكردنیان قه‌ده‌غه‌ كردووه‌، به‌ڵام ده‌شڵێ “خه‌ڵكانێك هه‌ن  له‌دووره‌وه‌ دێن، به‌تایبه‌تیش له‌ گه‌رمیان و سلێمانییه‌وه‌ به‌هه‌رشێوه‌یه‌ك بێت راوده‌كه‌ن”.

پێشنیار بۆ حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستانیش ده‌كات كه‌ یاسای قه‌ده‌غه‌كردنى راوكردن، زۆر تووندتر بكات، بۆ ئه‌وه‌ى هیچ كه‌سێك بۆى نه‌بێ راوبكات.