دەربەندیخان. وێنە:سۆشیاڵ میدیا
کامێرای چاودێری لەسەر چیاکانی دەربەندیخان جێگیر کرا
964+
ژووری هەواڵ
قایمقامیەتی دەربەندیخان ژمارەیەک کامێرای چاودێری لەسەر رێڕەو و ژمارەیەک لە چیاکانی قەزاکە جێگیر کرد، پلانەکە وایە چاودێری دۆخی ئەو ناوچانە بکەن.
ئەو کامێرا چاودێرییانەی دانراون، 24 کاتژمێر کارا دەبن، قایمقامیەتی قەزاکە پلانی وایە لەهەر ناوچە و شوێنێکی قەزاکە پێویست بکا، دەست بە دانان و جێگیر کردنیان دەکەن.
ئەمڕۆ هەینی، 3.11.2023، سلێمان محەمەد قایمقامی قەزای دەربەندیخان بە 964ـی وت، لەسەر ئەرکی قایمقامیەت هەستاون بە دابینکردنی خەرجی و کڕینی چەند کامێرایەکی چاودێری لەسەر چیای بەرانان، کە لەلایەن بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی دەربەندیخان سەرپەرشتی دەکرێت.
وتیشی، ئەم کامێرایانە سوودی ئێجگار زۆری هەیە بۆ پاراستنی ئاژەڵە کێوییەکان و دار و درەختەکانی سنوورەکە و چیتر دیاردەی راوکردن و بڕینەوەی دارەکان کەم دەبێتەوە، هەروەها یارمەتیدەرێکی ئێجگار باشە بۆ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس و لەبری دەرچوون و چاودێری مەیدانی چیاکان و دارستانەکان راستەوخۆ هەر لە فەرمانگەوە چاودێری دەکەن.
بەوتەی قایمقامی دەربەندیخان، داوایان لە وەزارەتی ناوخۆ کردووە کە بۆیان دابینبکات و لەداهاتووشدا دەمانەوێت هەر جێگەیەکی دیکە کە هەستیار و پێویست بێت کامێرای بۆ جێگیر بکەین.