یاریدەدەری پارێزگاری کەرکوک راپێچی دادگا دەکرێت

964+

هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی

به‌تۆمه‌تی سه‌رپێچیكردن له‌ پڕۆژەیەکی وەبەرهێنان و فرۆشتنی زه‌وییه‌كانی ده‌وڵه‌ت بە نا یاسایی، دوو به‌رپرسی كه‌ركوك بانگهێشتی دادگا کراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.

یەکێک لەو کەسانەی کە راپێچی دادگا دەکرێت، یاریده‌ده‌ری ئێستای پارێزگاری كه‌ركوكە، ئەوەی دیکەشیان به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی پێشووی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی پارێزگاکەیە.

رۆژی دووشه‌ممهی رابردوو 26ـی ئەم مانگە‌، ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی عێراق لە نوسراوێکدا لە وێبسایتی خۆیان رایگەیاند، دادگای لێكۆڵینه‌وه‌ی كه‌ركوك فەرمانی بانگهێشتکردنی دەرکردووە بۆ یاریده‌ده‌ری ئێستای پارێزگاری كه‌ركوك و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی پێشووی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی پارێزگاکە، دەبێت هەردووکیان لەبەردەم دادوەر ئامادە بن.

تۆمەتەکەی یاریدەدەری پارێزگاری کەرکوک، بریتیە لە ئەنجامدانی پێشێلکاری لە تەرخانکردن و فرۆشتنی زەوییەکانی دەوڵەت، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی پێشوی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانیش تۆمەتبارە بە سەرپێچیکردن لە پڕۆژه‌ی نیشتەجێبوونی ئەمەل.

پڕۆژەی نیشتەجێبوونی “ئەمەل” دەکەوێتە پارێزگای بەسرە و لەسەر روبەری 181 دۆنم زەوی بە بڕی 200 ملیۆن دۆلار دروست کراوە.

ئەگەر تۆمەتەکانیان بەسەردا ساغ ببێتەوە، ئەو دوو بەرپرسەی کەرکوک بەپێی ماددەی 331ـی یاسای سزادانی عێراقی ساڵی 1969 مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.

لە ماددەی 331ـی یاسای سزادانی عێراقیدا هاتووە، هه‌ر به‌رپرسێكی گشتی یان نوێنه‌رێك كه‌ ڕاسپێردرابێت بۆ خزمه‌تێكی گشتی، به‌ئه‌نقه‌ست پێشێلی ئه‌ركه‌كانی بكات، یان خۆی له‌ ئه‌نجامدانی یه‌كێك له‌ ئه‌ركه‌كانی به‌ مه‌به‌ستی زیانگه‌یاندن به‌ به‌رژه‌وه‌ندیی تاكێك یان گشتی بدزێته‌وه‌، به‌زیندانیكردن یان پێبژاردن سزاده‌درێت.