بنکەی سەربازی عەین ئەسەد - فۆتۆ: ئاژانسەکان
دیسان لە بنکەی ئەمریکییەکان درا لە عێراق
+964
ژووری هەواڵ
ئەو گروپەی لە عێراق ناویان لە خۆیان ناوە مقاوەمەی ئیسلامی کەمێک پێش ئێستا رایانگەیاند هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی سەربازی عەین ئەسەد لە خوارووی عێراق، لە شەوێوە ئەمە دووەمجارە دەڵێن هێرشمان کردووەتە سەر ئەو بنکەیەیە.
بنکەی عەین ئەسەد لە ناحیەی بەغدادی پارێزگای ئەنباری خوارووی عێراقە و ئەمریکییەکانی تێدان.
گروپەکە راگەیەندراوێکیان لەسەر چەناڵەکەی خۆیان لە تێلیگرام داناوەو نوسیویانە ”بە دوو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشمان کردە سەر بنکەکە و ئامانجەکانی خۆیان پێکا”.
تائێستا هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی عێراقی و ئەمریکی ئەم زانیارییەیان پشت راست نەکردووەتەوە.
شەوی رابردووش دەوروبەری کاتژمێر 8:30 هەمان گروپ رایانگەیاندووە کە بە موشەک هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکە.
لەوەتەی لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە حەماس و ئیسرائیل شەڕیانە، گروپی ”مقاوەمەی ئیسلامی” چەند جارێک رایگەیاندووە کە لە عێراق و سوریا ئەمریکییەکانی کردووەتە ئامانج، بەڵام وادیار نییە هێرشەکانی گەورەو کاریگەر بن.
پێنجشەممەی رابردوو پنتاگۆن (وەزارەتی بەرگری ئەمریکا) رایگەیاند لانی کەم 16 هێرش کراوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لەلایەن ”ئەو میلیشیایانەی ئێران پاڵپشتییان دەکات”.
لەبارەی عەین ئەسەدەوە
دووەم گەورەترین بنکەی سەربازی عێراقییە لە پاش بنکەی بەلەد-ەوە، دەکەوێتە پارێزگای ئەنبار لەخوارووی عێراقەوە، بارەگای فەرماندەیی فیرقەی حەوتی سوپای عێراقە.
ساڵی 2014 ئەمریکییەکان هێزێکیان لەو بنکەیە جێگیر کرد بۆ راهێنانی هێزە عێراقییەکان و لەو کاتەوە هەر لەوێ جێگیرن.
بنکەکە لەساڵی 1980 لەلایەن رژێمی پێشووی عێراقەوە دەست بەبنیادنانی کرا و لەکاتی شەڕی عێراق ئێران بنکەیەکی گرنگ و کاریگەر بوو، ئەو کاتە ناوی قادسیە بوو.