گەرمیانییەکان شوکری خوا دەکەن شوکریان هەیە

+964
هونەر فارس – کفری
ڤیدیۆ

رێکخراوێکی ئەڵمانی خەڵاتی زێڕین دەبەخشێتە هونەرمەند شوکر خەیات، هونەرمەندانی ئەو شارەش دەڵێن شوکر بۆ خوا، گەرمیان شوکر خەیاتی هەیە.

ئێوارەی ئه‌مڕۆ دووشەممە ٢٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، رێکخراوی هاوکاریی ئەڵمانی، بە ئامادەبوونی هونەردۆستانی گەرمیان، لەهۆڵی ڕۆشنبیریی کفری، خەڵاتی زێڕین و چەپکەگوڵی پێزانینیان بە هونەرمەند شوکر خەیات به‌خشی.

شوکر محەمەد قادر، ناسراو بە ‘شوکر خەیات’ مەقامبێژێکی رەسەنی دەڤەری گەرمیانە، لە ساڵی ١٩٤٠ لە گوندی قەڵخانلوی سەر بە شارۆچکەی خورماتوو لەدایک بووە.

964+ پرسیاری ئەزموونی هونەری شاری کفری لە هونەرمەند شوکر خەیات كرد، ئەو بە قورگێکی پڕ گریانەوە وتی، “ئەم شارە، شاری دەیان کەڵەهونەرمەند و کەسایەتی جوانە، ئەوان لە بیری مندا هەردەمێننەوە”.

دەڤەری گەرمیان، لە هونەری مەقامات تایبەتمەندیی خۆی هەیە، بە جۆرێک هونەرمەندانی ئەو ناوچەیە بە وتنەوەی مەقامەکانی، ئەڵلا وەیسی، قەتار، ئای ئای و چەندین مەقامی دیكه‌ ناودەنگیان هەیە.

شکور خەیات زیاد لە ٦٠ ساڵە لە بواری هونەریدایە

دڵنیا مەحمود، یەکێک لە مەقامبێژەکانی شاری کفریه‌، دەڵێت: “شاری کفری بە جۆرێک وابەستەی هونەری مەقاماتە، تەنانەت مەلاکانیش لەسەر مەقام لە مزگەوتەکانەوە بانگ دەدەن”.

هونەرمەند شکور خەیات، لە تەمەنی ١٣ ساڵییەوە مەقامی چڕیوە و زیاد لە ٦٠ ساڵە لە بواری هونەریدایە و ئێستادا له‌ شاری هەولێر دەژیت.