جوانییەکانی ئێستا رووکەشن
ئالان قەرەداغی گۆرانیەک بۆ جیلی ئاڵتونی دەڵێت
+964
پەری ساڵح
هونەرمەند ئالان ئەنوەر قەرەداغی کلیپێکی نوێ لەگەڵ ژەنینی پیانۆکەی بەناوی “یاد” بڵاودەکاتەوە، کە چیرۆکی گۆرانیەکەی باس لە سەردەمی ئێستا و هیواخواستن بۆ رابردوو دەکات.
گۆرانی “یاد” هۆنراوەکەی لەلایەن ئالان قەرەداغی و کاوە حوسێنەوە نووسراوە، ئاوازەکەی فارسییە و ئەشواق شاهین دایناوە و رۆژی 28.10.2023 لە چەناڵی یوتوبی هونەرمەند بڵاوکرایەوە.
ئالان قەرەداغی تایبەت بە 964 وتی “بڕیاردان و ئامادەکردنی ئەم بەرهەمەم کاتێکی کەمی ویست، بەڵام لە دڵەوە نووسراوە و باس لە سەردەمی ئێستا و هیواخواستن بۆ رابردوو دەکات، چونکە جوانییەکانی ئێستا هەموو رووکەشن و خەیاڵ و یادگارییەکانم تا ئێستاش لەناو جیلی ئاڵتونی نوقمە”
پێش چوار مانگ، ئالان قەرەداغی گۆرانییەکی بۆ باوکی بڵاوکردەوە بە ناوی “بیری دەکەم”، جەختیش دەکاتەوە جیلی ئاڵتونی بە مانای خۆی ئاڵتونی بووە، سەردەمێک بوو لە خێراترین گۆڕانکاری تەکنەلۆژیا، بەڵام جوانی و رێز و خۆشەویستی هێشتا میوانمان بووە.
ئالان قەرەداغی، کوڕی هونەرمەند و ئاوازدانەری بەناوبانگی کوردستان، ئەنوەر قەرەداغییە، یەکەم کاری بە شێوەی ڤیدیۆ کلیپ لە مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵ بڵاوکردووەتەوە.