تەندروستی عێراق: کۆرپەکەی سەلامەتە

یەکێک لە بریندارانی حەمدانییە لە تورکیا و لە کاتی چارەسەرکردنیدا منداڵی بوو


ئەحمەد مستەفا

یەکێک لەو ژنانەی ئاگری بەتینی هۆڵی هەیسەم لە حەمدانییە برینداریکرد و رێژەیەکی زۆر لە جەستەی سووتا، دوای مانگێکی تەواو لە وەرگرتنی چارەسەر و گرنگیدان بە تەندروستی کۆرپەکەی، دواجار منداڵەکەی بەسەلامەت لە دایکبوو.

وەزارەتى تەندروستى عێراق لە بارەی رەوشی تەندروستی دایکەکەوە بڵاوکراوەیە هەیە و ئاماژە بەوەدەکات، “ژنێکى بریندارى ئاگرى حەمدانیە تووشى سوتانێکى سەخت ببوو، پێش مانگێک گواستراوەتەوە بۆ تورکیا، لە نێو ئەو بریندارانەشدا کە لەلایەن وەزارەتەکەوە بۆ چارەسەرکردن لە تورکیا و لەچوارچێوەى یەکەم وەجبەدا بوون کە نێردراونەتە دەرەوەی وڵات”.

وەزارەتەکە ئەوەشی وتووە، دوای مانگێک لە گرنگیدان بە تەندروستی و تەندروستی کۆرپەکەی، دواجار لە تورکیا منداڵەکەی بەسەلامەت لەدایک بووە”، ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، “تەندروستی دایک و منداڵەکە باشە و جێگیرە”.

ئامارێکی وەزارەتی تەندروستی عێراق روونیدەکاتەوە، تا ئێستا 20 برینداری رووداوەکە رەوانەی دەرەوەی وڵات کراون.

شەوی 26.9.2023 لە هۆڵێکی حەمدانییە لە کاتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگێکی هاوسەرگیری ئاگری گرت و بەهۆیەوە 124 کەس گیانیانلەدەست دا و بریندارێکی زۆری لێکەوتەوە، کە زۆرینەیان سووتان بوون، بەو هۆیەشەوە ماوەی سێ رۆژ لە عێراق ماتەمینیی گشتی راگەیەندرا.