باخەکان پڕ لە هەنارن

کرمی حەفار جووتیارانی بەرەو چاندنی داری هەنار بردووە

964+

ئەحمەد مستەفا

کاتێک پرسیاری ئەوەم لە جوتیارەکانی شارەزوور کرد، ئەم رێژە هەنارە زۆرە چییە؟ دەستبەجێ وەڵامی ئەوەم دەستکەوت، کە کرمی حەفار ماوەیەک دەبێت رێگرە لەبەردەم چاندنی داری، قەیسی، قۆخ و هەنجیر هاوتای دار هەنار.

دەزانن بەگوێرەی ئامارێکی کشتوکاڵی شارەزوور بێت، رووبەری زەوی بەراوی کشتوکاڵی لە ناوچەکە، 18 ھەزار و 127 دۆنمە، ئەو زەوییانەشی پشت بە باران دەبەستن بۆ داچاندن، 54 ھەزار و 66 دۆنمن، کە ئەمە دەیان باخی کشتوکاڵی دەگرێتەوە.

فەلاح کوڵکنی جووتیارێکە لە دەشتی شارەزوور ئەمساڵ ئەو قۆخی کردووە، لە بارەی بەرهەمەکەیەوە وتی، نابێت جوتیارانی شارەزوور و هەرێمی کوردستان هەموو زەوییەکانیان بکەن بە هەنار، وابڕوات 10 ساڵی تر هەنار وەک تەماتەکەی لێ یەت و پارە ناکات.

بەوتەی ئەو بێت، زۆرینەی جوتیارانی ناوچەکە لەم وەرزی داچاندن گرنگییان بە هەنار داوە، ئێستا بەرهەمی هەناریش بەراودر ناکرێ بە بەرهەمەکانی دیکە، بۆیە وتی، “نابێت قۆخ، هەڵوژە، هەرمێ و هەنجیر فەرامۆش بکەین”.

بەڵام زۆری نەبرد، جوتیارێکی هاوڕێی رایەکی پێچەوانەی هەبوو، ئارام سدیقی ناوبوو ئەو وتی، “قۆخ، هەڵوژە، قەیسی و چوالە لای ئێمە ناتوانرێت برەوی پێ بدرێت، چونکە جوتیارەکان ناتوانن پەروەردەی بکەن و کرمی حەفار لە ناویان دەبات”.

هەناری لاڕەشە و ساڵەخانی هەڵەبجە دوو باشترین جۆری هەنا...

هەناری لاڕەشە و ساڵەخانی هەڵەبجە دوو باشترین جۆری هەناری ناوچەکەن

“هەنجیریش لەناویدا، کرمەکە حەشەرەیەک یان گەراکەی دادەنێت، ئەڵێی ئەسپێی ناو ئاردە لە کاتی خۆیدا دەرمان ناکرێت، بۆیە زوو بۆگەن دەبێت، هەرمێ تا رادەیەک دارێکی باشە بۆ بەرگرتن لە نەخۆشی”، جووتیارە هاوڕێکەی وای وت.

ئەمڕۆ هەینی 27.10.2023، فەرەیدوون حوسێن، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی شارەزوور بۆ 964 قسەیەکی جیاوازتری نەبوو، جگە لەوەی دانی بەوەدانا کە باخەکانی شارەزوور پڕ بوون لە هەنار و لە زۆرینەیاندا هەنار چێندراون، کاتێکیش داوای داتایەکم لێکرد، وتی، “مانگی 12 ی ئەمساڵ دەتوانم داتا ی بکەم، ئێستا هیچ بودجە و تیمێکم لە بەردەست نییە”.

بەڵام وتی، “هەنار بازاڕێکی زۆرباشی هەیە و خزمەتکردنێکی کەمتری دەوێت، وە زووش ساغدەبێتەوە و نرخیشی گرانترە لە بازاڕدا”، بە گوێرەی سۆراغی 964 نرخی یەک کیلۆ هەنار بە رێژەی تاک، لە دوو هەزار دینار بۆ (چوار هەزار دینار لە هەندێک ناوچە) دەفرۆشرێت، ئەوەش بەپێی جۆر و تامەکەی دەگۆڕێت.

ویستم لە کرمی حەفار تێبگەم، بەڕێوبەری کشتوکاڵی شارەزوور وتی، “چەند ساڵێکە سەریهەڵداوە و چارەسەرکردن و پێش پێگرتنی ئاسان نییە، جوتیارەکانمان بەدەستی ئەوەوە گیریان خواردووە و دەرمانی پێویستە و خەرجی دەبێت، من دەزانم ئەم دۆخە کاریگەری لەسەر هەمەچەشنی دەکات، بەڵام جوتیارەکان ناچارن بیر لە ماندووبونی خۆیان بکەنەوە”.