بۆچی بەشداری ئاهەنگی دەرچوونی نەکرد؟

ئەو کچەی بە نهێنی دڵی باوکی خۆشکرد بۆ ترێندی 964 دەدوێت

پەری ساڵح

سەناریا مەغدید ئەو کچەی لە رۆژی دەرچوونی لە پەیمانگە بە نهێنی سوپرایزی بۆ باوکی کرد لە کاتی کارکردنی بۆ ترێندی 964 قسەدەکات.

چەند رۆژێکە گرتە ڤیدیۆییەک سۆشیال میدیای تەنیوە، کە تێیدا دەردەکەوێت کچێک لە رۆژی ئاهەنگی دەرچوونیدا سەردانی باوکی دەکات لە شوێنی کارەکەی کە سەرقاڵی کرێکاریە لەسەر بینایەک و کاردانەوەیەکی زۆری لێکەوتەوە.

سەناریا مەغدید چوار خوشک و دوو برای هەیە و خەڵکی گوندی عەزەیە لە هەولێر، دەرچووی بەشی دەرمانسازیە لە پەیمانگەی پزیشکی هەولێر، بەهۆی بارودۆخی خێزانەکەیانەوە و وەک رێزێک لە ماندووبوونی باوکی بڕیاردەدات بەشداری هەردوو ئاهەنگی دەرچوونی لە پەیمانگە نەکات، چونکە تێچوویەکی زۆری هەیە.

دواتر دایکی پلانەکەی دەگۆڕێت و ناچاری دەکات لایەنی کەم کڵاو و عەبای دەرچوون بپۆشێت و بە چەپکێک گوڵەوە بچێتە لای باوکی و ماندووبوونی بڕەوێنێتەوە.