دیمەنێک لە فرۆشتنی کولەکە لە قەزای شارەزوور _ وێنە: 964
دەکرێت بە مرەبا
کولەکەی “خانم و سورە” لە شارەزوور دەفرۆشرێن
964+
بڕوا مەجید – شارەزوور
دوو جۆر کولەکە، کە لە هەولێر و پێنجوێن هاوردەکراون، قەبارە و تامی جیاوازیان هەیە و فرۆشیارێک لە قەزای شارەزوور ساغیان دەکاتەوە.
کولەکەکەی ناوچەی هەولێر ناوی خانم-ە و کولەکەکەی دەشتی پێنجوێن ناوی سورەیە.
زاھیر محەمەد، فرۆشیارێکی سەوزە و میوەیە لە ناوبازاڕی شارەزوور، تەمەنی نزیکەی 60 ساڵە و ئەو ماوەی دوو ساڵە کاری فرۆشتنی کولەکە دەکات.
بەوتەی خۆی، هاوڵاتییانی بەتەمەن زیاتر خواستیان لەسەر ئەو کولەکانە هەیە و لە سەرەتای وەرزی بەهار دەچێندرێت و لە مانگی پایزدا لێدەکرێتەوە.
زاهیر محەمەد بە 964ی وت، نرخی کولەکەکان یەک کیلۆی بە 750 دینارە، خەڵک دەیبەن تا لەناو رۆن و پیاز سووری بکەنەوە و تامێکی جیاوازی هەیە، ئەمەش بەشێکە لە بەرهەمی کۆتایی وەرزی کشتوکاڵی ئەمساڵ.
بە گوێرەی سۆراغی 964 زۆرێک لەو خێزانانەی پەنا بۆ کڕینی ئەم جۆرە لە کولەکە دەبەن، جیاواز لە سورکردنەوە و کوڵاندن بۆ سەر سفرەکانیان، بەشێک لە هاوڵاتیان دەیکەن بە مرەبا.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا