شارباژێڕ.. بوتڵێکی غاز بە ژنێک دەقەتێتەوەو برینداری دەکات

964+

هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی

لە گەورەدێی سنووری شارباژێڕ، بەهۆی لێچوونیەوە بوتڵێکی غاز لە ماڵێکدا دەتەقێتەوەو ژنێک بریندار بوو.

ئەو ژنەی بوتڵە غازەکەی پیدا تەقیوەتەوە، بە تەنیا لە ماڵێکدا دەژی لە گوندی گەورەدێی سەر بە ناحیەی گاپیڵۆن لە سنوری پارێزگای سلێمانی.

ئەو ژنە، تەمەنی پەنجا ساڵەو بەیانی بۆ چای لێنان ئاگری کردۆتەوە، بەڵام غازەکە پێیدا تەقیوەتەوە.

شاهۆ عوسمان قایمقامی شارباژێر بە 964+ـی وت؛ رووداوەکە ئەم بەیانییە بووە، بەڵام شەوی رابردوو لێچوونی غاز لەو ماڵە بووەو پەنگی خواردووە، کاتێک ئەو ژنە ئاگر دەکاتەوە بۆ چای لێنان، تەقینەوەکە روویداوە.

قایمقامی شارباژێر دەڵێ؛ ژنەکە بە سووکی بریندار بووە، بۆ وەرگرتنی چارەسەریش گواستراوەیەوە نەخۆشخانەیەکی سلێمانی و، ئێستا گەڕاوەتەوە ماڵەوە باری تەندروستی جێگیرە.