هەواڵ
دەست بەسەر چەکێکی کلاشینکۆفدا گیرا
كچێك فیشه‌كی به‌ركه‌وت و گیانی له ده‌ست دا
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا
منداڵێک له رانیه بەهۆی بەرکەوتنی فیشەکه‌وه گیانی لەدەست دا و پۆلیسی رانیه ده‌ڵێت منداڵێكی دیكه ده‌ستكاری چه‌كی كردووه و فیشه‌كێك به‌ر ئه‌و منداڵه كه‌وتووه، كه گیانی له ده‌ست داوه.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیسی رانیه له رێگه‌ی راگه‌یاندنی خۆیه‌وه ئاشكرای كرد، “دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ بریندارێکی منداڵیان هێنایە نەخۆشخانەی گشتیی رانیە بە ناوی (س،ع،ێ) تەمەن 9 ساڵ، كه لە رەگەزی مێیه و دانیشتووی قەزای حاجیاوا و گەڕەکی دابانه، کە شوێنەواری فیشەک بە جەستەیەوە هەبوو، لەبەر سەختی برینەکەی بەڕێکرا بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی، بەڵام لە رێگا بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا”.
ئاماژه‌یان به‌وه‌ش دا، له لایه‌ن بنکەی پۆلیسی نەخۆشخانەی رانیە دۆسیه‌ی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کرایەوە.
پۆلیسی رانیه ده‌ڵێت، بە گوێرەی وتەی کەسوکاری منداڵه‌كه “کاتێک کچەکە لەگەڵ چەند منداڵێکی دیكه لە ماڵی باپیری بووە لە رانیە له گەڕەکی کێوەڕەش، لەو کاتەدا یەکێک لە منداڵەکان دەستکاری چەکی کردووە و فیشەک بەر کچەکە کەوتووە”.
“دوای گەیشتنی تیمی بەڵگەکانی تاوانی راپەڕین بۆ شوێنی رووداوەکە، لە شوێنی رووداوەکەدا دەست بەسەر چەکێکی کلاشینکۆفدا گیرا لەگەڵ دوو قەوانی تەقیوو، لێكۆڵینه‌وه‌ش بۆ زانینی هۆكاری راسته‌قینه‌ی رووداوه‌كه به‌رده‌وامه”، پۆلیسی راپەڕین وای بڵاوكردووه‌ته‌وه.