گەشتەکانی فڕۆکەخانەی بەغدا دەستیان پێکردەوە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی

دوای راگرتنی بۆ ماوەی کاتژمێرێک، کەشوهەوا ئاسایی بووەوە گەشتی فڕۆکەکان لە فڕۆکەخانەی بەغدا دەستیان پێکردەوە.

بەرەبەیانی زووی ئەمڕۆ دووشەممە، فڕۆکەخانەی بەغدا سەرجەم گەشتەکانی راگرت بەهۆی کەمبوونەوەی مەودای بینین کە لە ٤٠٠ مەتر کەمتر بووە.

دوای کاتژمێرێک، فرۆکەخانەکەی بەغدا لە راگەیەندراوێکی دیکەدا لە پەیجی تایبەتی خۆیان لە فەیسبووک، ئاماژەی بەوەدا کە  مەودای بینین بەرزبووەتەوە بۆ ٨٠٠ مەتر و رەوشی کەشوهەوا ئاسایی بووەتەوە، بۆیە گەشتەکان دەستیانپێکردووەتەوە.

لە ئێوارەی دوێنێ یەکشەممەوە، شەپۆلێکی چڕی تەمومژ بەغدای پایتەختی گرتەوە، پۆلیسی هاتوچۆش شۆفێرانی ئۆتۆمبێلیان ئاگادار کردەوە کە مەودای بینین بۆ کەمتر لە ٥٠٠ مەتر کەم دەبێتەوە.

راگرتنی کاتی گەشتەکانی ئەمڕۆی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا بۆ سێیەم جارە لەم مانگەدا روودەدات، پێشتریش جارێک بەهۆی تەقینی تایەی فرۆکەیەک و جارێکی دیکەش بەهۆی تەمومژ گەشتەکانی بە کاتی راگرت.