لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکهات

هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق داوای هێورکردنەوەی دۆخەکە دەکەن

964+

فەهمی نەبی

درەنگانی شەوی رابردوو فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق و سەرۆکایەتی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە هەریەکەی لای خۆیەوە راگەیەندراوێكیان لەسەر شەڕەکەی دوێنێ چیای قەرەچوغ بە زمانێکی نەرم بڵاوکردەوە، هەردوولا داوای ئارامکردنەوەی دۆخەکە دەکەن.

لە راگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی ئەرکانی وەزارەتی پیشمەرگە هاتووە، “ئێمە پابەندبوونمان بۆ کارکردن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی دووپاتدەکەینەوە لەپێناو چارەسەرێکی ریشەیی و بەردەوام کە ئاسایش و سەقامگیری لە سەرتاسەری عێراق بەدیبهێنێت”.

هاوکات ئەوەش هاتووە، ئەوان پاڵپشتی بۆ ناوەرۆکی راگەیەندراوەکەی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەردەبڕن بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی خێرا و پێکهێنانی ئەو لیژنەیە.

بەر لە راگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی ئەرکانی پێشمەرگە، وتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و بەزمانێکی نەرم داوای ئارامکردنەوەی دۆخەکە کراوە و بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەک دراوە.

لە شەڕەکەی ئێوارەی دوێنێی چیای قەرەچوغ، لەهێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق سێ پێشمەرگە و سەرباز گیانیانلەدەستدا و حەوتی دیکەش بریندار بوون، ئەمەش بەپێی راگەیەنداری فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق.

بەپێی دواین ئاماری دەستکەوتوو لە نەخۆشخانەکانی هەولێر، دوو پێشمەرگە گیانیان بەخشیووە و ژمارەی برینداران گەیشتووەتە 11 پێشمەرگە.

دواین رەوشی مەخمور و چیای قەرەچوغ لەم هەواڵەیە

دواین رەوشی مەخمور و چیای قەرەچوغ لەم هەواڵەیە