قایمقام وەڵام ناداتەوە

جوتیارانی مه‌خمور جارێكی دیكه‌ گردبوونه‌وه‌

964+
ئه‌حمه‌د شه‌مزین

ژماره‌یه‌ك له‌ جوتیارانی مه‌خمور ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ جارێكی دیكه‌ گردبوونه‌وه‌، به‌هۆی رێگری لێكردنیان به‌ بردنی بنەتۆو و پەینی کیمیایی بۆ مەخمور.

جوتیارانی قەزای مخمور و ناحیەكانی دەوروبەری و قەراج و كەندێناوە دوای ئەوەی 15ی ئه‌م مانگه‌ و رێك هەفتەیەك پێش ئێستا خۆپیشاندانیان ئەنجام دا لەبەر رێنەدان بە بردنی بنەتۆ و پەیینی كیمیاوی لەلایەن بازگەی هێزی سەربازی عێراق لە مه‌خمور بۆ ناو قه‌زاكه‌، ئه‌مڕۆ دیسانەوە دەستیان بە خۆپیشاندان كردەوە، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی داواكارییه‌كانیان جێبه‌جێ نه‌كرا.

هه‌فته‌ی رابردوو به‌ڵێنیان پێدرا كێشه‌كه‌یان چاره‌سه‌ر بكرێت و رێگه‌یان پێنه‌گیرێت، به‌ڵام هێشتا كێشه‌كه‌ چاره‌ نه‌كراوه‌.

964 چه‌ند جارێك په‌یوه‌ندی به‌ قایمقامی مه‌خمور كرد، به‌ڵام وه‌ڵامی په‌یوه‌ندییه‌كانی نه‌دایه‌وه‌.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا