ئاگاداری هاوڵاتیان دەکرێتەوە پشکنین بۆ سیستمی غازەکەیان بکەن
964+
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
بەهۆی گۆڕانی کەش و هەوا پێویستە سەرجەم ئەو شوێنانەی سیستمی غازیان هەیە پشکنین بۆ سیستمەکەیان بکرێت.
شارەزایەکی ئەو بوارە دەڵێت، لە کاتی هاتنی سەرما هەندێک پارچە هەیە دەتەقێت لە سیستمەکاندا.
کاروان عەبدوڵا خاوەن کۆمپانیای سیستمی غاز بە 964ـی وت، لە وەرزی هاویندا ئەو پارچانە کشاون، لە کاتی وەرزی سەرمادا دەچنەوە یەک ئەو پارچە پلاستیکیانەی هەیە و هەندێک جار دەتەقێت.
وتیشی، بەردەوام هاوڵاتیان لەم وەرزەدا سەردانیان دەکەن، بۆ ئەوەی سیستمەکانیان بۆ بپشکنن، زۆر پێویستە لە ئێستاوە پشکنین بۆ سیستمەکانیان بکەن هاوڵاتیان، بۆ ئەوەی دوور بن لە هەر حاڵەتێکی نەخوازراو، دەبێت تانکی غاز لە شوێنێکی کراوەدا بێت.
خاوەنی ئەو کۆمپانیایە ئەوەی وت، “تا ئەم ساتە هیچ رێنماییەکمان بەدەست نەگەیشتووە لەلایەنی پەیوەندیدارەوە، بۆ ئەوەی پشکنین بۆ سیستمی غاز بکەین”.
لەسەر ئەم بابەتە رائید ئارام عەلی وتەبێژی بەرگری شارستانی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، ئێستا کار بە رێنمایی ژمارە یەکی ساڵی 2020ـی وەزارەتی ناوخۆ دەکرێت، تایبەت بە سیستمی غاز.
ئەوەشی خستەڕوو، رێنمایی ساڵانە دەرناچێت و لە کاتی دەرچوونی رێنمایی ژمارە یەکی ساڵی 2020ـەوە کاری پێدەکرێت، تەنیا لە حاڵەتێکدا کۆمپانیاکانی ئەو بوارە ئاگادار دەکرێنەوە کە گۆڕانکاری هەبێت لە رێنماییەکەدا.
لە سنوری پارێزگای سلێمانی 36 کۆمپانیا مۆڵەتیان هەیە بۆ دانان و پشکنینی سیستمی غاز، سەرجەمیان دەتوانن کاری خۆیان بکەن، ئارام عەلی وای وت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی