کورتە فیلمێکی کوردی بۆ جاری چلەم بەشداری فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی دەکات
964+
شاڵاو عەلی – سلێمانی
کورتە فیلمی کوردی ” گەڕانەوە ” کە لە دەڤەری پشدەر وێنەگیراوە، بڕیارە لە مانگی ئازاری ئەمساڵ بەشداری فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی گلگامش بکات لە بەغداد.
بە قسەی دەرهێنەرەکەی، ئەوە بۆ جاری چلەمە کە بەشداری فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتی بکات.
خدر محەمەد، دەرهێنەری کورتە فیلمەکە بە 964+ی وت، کارەکە زەنگێکە بۆ ئاگادارکردنەوەی جیھان، لە مەترسی لەدەستدانی شوناسی تاک و بەرکەوتنی لەگەڵ دنیای مۆدێرنە و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دنیایە بە شێوە ناتەندروستەکەی.
وتیشی، “لە ھەمان کاتدا چیرۆکی کورتە فیلمەکە پێمان دەڵێت، کە جیھان لەژێر مەترسی پیسبوونی ژینگەدایە بە دەست مرۆڤ خۆیەوە”.
ئامانج ئامینە سیناریۆی ئەو کورتە فیلمەی نوسیوە و ھەر ئەویش سپۆنسەری کردووە، هاوکات کاری وێنەگرتن و مۆنتاژی لەلایەن محەمد شێروان بۆ کراوە.
کاری نواندنیشی لەلایەن هونەرمەندان کیژان عەبدول و بەھار مەعروف بۆ بەرجەستەکراوە.