لە نێوان هەڵەبجە و هەورامان دەبێت
شوێن بۆ سایلۆ تاقانەکەی هەڵەبجە دیاریکرا
964+
محەمەد عومەر – هەڵەبجە
سەرەتای ئەم مانگە حکومەتی هەرێم رایگەیاند سایلۆیەکی نوێ لە هەڵەبجە دروست دەکەن، بەمەش ژمارەیان دەبێتە 10 سایلۆ لە هەرێمی کوردستان، لەم رۆژانە شوێنی سایلۆکە دیاریکرا.
ئەو سایلۆیەی دروستدەکرێت دەکەوێتە نزیک گوندی بیاوێڵە.
گوندی بیاوێڵە یەكێکە لە ناوچە گەشتیاریەکانی پارێزگای هەڵەبجە و دەکەوێتە سەر رێگای هەڵەبجە – هەورامان
کاوە شێخ عەلی جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بە 964ی وت، ئەو سایلۆیەی دروستدەکرێت کێشەی عەمبارکردنی گەنم لە پارێزگایەکە چارەسەر دەکات، بڕیارە لەگەڵ سایلۆکە 10 کۆگاش دروستبکرێن بۆ عەمبارکردنی بەرهەمی جوتیارانی ناوچەکە.
ئەو سایلۆیەی بڕیارە دروستبکرێت توانای هەڵگرتنی 40 هەزار تۆن گەنم و دانەوێڵەی جوتیارانی هەیە، هەروەها پرۆژەکە بەگوژمەی 27 ملیار دینار خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوەو بڕیارە لە ماوەی 700 رۆژدا تەواو بکرێت، ئەمە زانیاری جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بوو.
سایلۆیەکی نوێ بۆ هەڵەبجە دروست دەکرێت
لە سنوری پارێزگای هەڵەبجەدا 110 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی هەیە کە ساڵانە نزیکەی 65 هەزار دۆنم دەکرێت بە گەنم و دانەوێلە و ئەم سایلۆیە دەبێتە فریادڕەسی بەرووبوومی جوتیاران کە ساڵانە پێوەی سەرقاڵ دەبن، کشتوکاڵی هەڵەبجە وا دەڵێت.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی