ئێمباپێ ریال مه‌دریدی ده‌وێت، یانه‌كه‌ش نایه‌وێت

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

كیلیان ئێمباپێی هێرشبه‌ری یانه‌ی پاریس سانجێرمان، ده‌یه‌وێت یانه‌كه‌ی جێ بهێڵێت و جارێكی دیكه‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ یانه‌ی ریال مه‌درید بكات، یانه‌ ئیسپانییه‌كه‌ش یاریزانه‌كه‌ی له‌ پلانی خۆی سڕیوه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ به‌ پێی زانیاریی میدیاكانی ئیسپانیا.

تۆڕی “دیفێنسا سێنتڕاڵ”ـی ئیسپانی، كه‌ له‌ یانه‌ی ریال مه‌دریده‌وه‌ نزیكه‌، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 25ـی كانوونی یه‌كه‌م بڵاوی كرده‌وه‌، ئێمباپێی هێرشبه‌ری فه‌ڕه‌نسی هێشتا خەون به‌ یاریكردن له‌ یانه‌ی ریال مه‌دریدی ئیسپانی ده‌بینێت، بۆ ئه‌مه‌ش هه‌وڵ ده‌دات هاندەرانی یانه‌ی شاهانه‌ ئاشت بكاته‌وه‌ و په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی یانه‌كه‌ ئاسایی بكاته‌وه‌.

ئێمباپێ هاوینی رابردوو زۆر نزیك بوو په‌یوه‌ندیی به‌ یانه‌ی ریال مه‌دریده‌وه‌ بكات، به‌ڵام دواتر گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ پاریس سانجێرمانی فه‌ره‌نسی تا 2025 نوێكرده‌وه‌.

تۆڕەکە ئاشکرای کردووە، ئێمباپێ هاوینی رابردوو هەر دوو سێ هەفتە جارێک لە رێگەی سکایپەوە پەیوەندییەکی ڤیدیۆیی لەگەڵ سه‌رۆكی ریال مه‌درید ده‌كرد، ئه‌مه‌ پێش ئەوەی یاریزانەكه‌ بڕیاری نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس بدات.

دیفێنسا سێنتڕاڵ روونی کردووه‌ته‌وه‌، “ئێمباپێ پێی وایە سەرکەوتنی له‌ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ پێرێزی سه‌رۆكی یانه‌ی ریال مه‌درید، یەکەم هەنگاو دەبێت بۆ ئەوەی داوای لێبوردن بکات به‌رامبه‌ر ئەو کارەی لە کۆتایی وەرزی رابردوودا به‌رامبه‌ر ریال مه‌درید و سه‌رۆكه‌كه‌ی كردی”.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ رۆژنامه‌ی ماركای ئیسپانی، كه‌ ئه‌ویش له‌ ئیداره‌ی یانه‌ی ریال مه‌دریده‌وه‌ نزیكه‌، ئه‌مڕۆ بڵاوی كرده‌وه‌، یانه‌ی شاهانه‌ گواستنه‌وه‌ی ئێمباپێی له‌ پلانه‌كانی سڕیوه‌ته‌وه‌ و هیچ بایه‌خێكی بۆ یاریزانه‌كه‌ نییه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت، ریال مه‌درید پلانه‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌ی له‌سه‌ر توانای یاریزانه‌كانی ئێستای داڕشتووه‌، به‌ تایبه‌تی به‌ بوونی هێرشبه‌رانی وه‌ك ڤینیسیۆس جۆنیۆر و رۆدریگۆ.

له‌ رۆژانی رابردوودا هه‌واڵی ئه‌وه‌ بڵاوكرایه‌وه‌، ئێمباپێ به‌ ئیداره‌ی یانه‌ی پاریس سانجێرمانی وتووه‌، یان ئه‌و یان مێسی ده‌بێت له‌ تیپه‌كه‌دا بمێننه‌وه‌، چونكه‌ نایه‌وێت جارێكی دیكه‌ له‌ ته‌ك مێسی یاریی بكات.

ئه‌م قسانه‌ دوای ئه‌وه‌ هات، له‌ ئاهه‌نگی هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌رجه‌نتین به‌بۆنه‌ی بردنه‌وه‌ی نازناوی مۆندیالی 2022، مارتینێزی گۆڵپارێزی ئه‌رجه‌نتین گاڵته‌ی به‌ ئێمباپێ كرد و بووكه‌ڵه‌یه‌كی له‌ شێوه‌ی ئێمباپێ به‌ده‌سته‌وه‌ بوو، له‌و كاته‌دا مێسی له‌ ته‌نیشتییه‌وه‌ وه‌ستاوه‌ و پێده‌كه‌نێ و هیچ رێگرییه‌كی له‌م كاره‌دا نه‌كرد.