دەبێت پان بکرێنەوە
پاسەکانی کەرکوک کەڵکی سەرکەوتنیان نەماوە
964+
كاروان ساڵحی – كەركوك
پاسی هێڵەكانی ناو شاری كەركوك تەمەنیان لە سەرووی 40 ساڵەوەیە، شۆفێرەکانیان پێیان وایە حكومەت كەمتەرخەمە و وەك پێویست هاوكارییان ناكات، ئەوانیش لە توانایاندا بە تەنیا پاسی پاشتر بكڕن، هاتوچۆی كەركوكیش ئامادە نییە ساڵنامەیان بۆ نوێ بكاتەوە.
کێشەکە لە کوێیە؟
بە پێی سۆراغی 964 زیاتر لە 300 پاس “كۆستەر” مۆدیڵ كۆن لە نێو هێڵەكانی ناو شار و دەوروبەری شار كار دەكەن، مۆدێلیان بۆ ساڵانی هەشتاكانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە و هێز و توانای كاركردن و شوێنی دانیشتن “كوشنەکانیان” وەك پێویست نین، شۆفێرانیش گلەیی ئەوە دەكەن كە بەرێوەبەرایەتی هاتوچۆ ساڵانامەیان بۆ نوێناكەنەوە، بۆ ئەوەی كۆبۆنی گاز و بەنزین وەربگرن، ناچار لە بازاری رەش گاز و بەنزین دەكڕن.
عیماد جەبار، یەكێکە لەو شۆفێرانە ئەو كۆنی ئۆتۆمبێلەكانی گواستنەوەی لە ناوشار بۆ چەند هۆكارێك گەڕاندەوە و بە 964ـی وت، “یەكێك لە هۆکارەکان، بۆ بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ دەگەڕێتەوە کە ساڵنامەی ئۆتۆمبێلەكانمان بۆ نوێ ناكەنەوە، تا بتوانین كۆبۆنی گاز وەربگرین لە كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەکان، بە ناچاری لە بازاڕی رەش دەیكڕین، کە نرخەکەی زۆر گرانە”.
هاتوچۆی راپەڕین بۆ مینی پاسەکان: دەرگای کارەبایی قەدەغەیە
هەر ماڵێک و سێ ئۆتۆمبێل
“ئێستا هەر ماڵێك كە چوار سەر خێزانە، سێ ئۆتۆمبێلیان هەیە. وەك پێشوو نییە كە لە كۆڵانێك دا تەنیا سێ ئۆتۆمبێلی تێدا بوو، ئەوەش وای كرد ئیش و كار كەم بێتەوە و نەتوانین پاسی نوێ بكڕین، ئەوەی دەیكەین تەنیا بەشی بژێوی ژیانی رۆژانەی خۆمان دەكات”، عیماد جەبار وای وت.
ئیلهام مەنسور، پیشەی مامۆستایە لە ئامادەییەكی كچان لە گەڕەكی موسەڵا، ئەو بە 964ـی وت، بە پاسەكانی هێڵی گەڕەكی عرووبە هاتوچۆم دەكرد، كە زۆر كۆن بوون تەنانەت جگە لەوەی كوشنەكانی دڕاوە، ئیسفەنجەكانیشی تێك چوە و بۆنی دوكەڵی ئۆتۆمبێلەكە تێکەڵی ناو پاسەکە دەبێت”.
ئەو مامۆستایە چیرۆکێکی خۆی گێڕایەوە و وتی، “هەندێك جار مامۆستاكانی هاوپیشەم بەخەندەوە پێان دەوتم دیسان لە ناوچەی پیشەسازییەوە هاتووی، تا ناچار بووم ئێستا بە تاكسی هاتوچۆ بكەم، لەگەڵ دوو مامۆستای دیكەی هاوڕێم”.
داوا دەکرێت گەراجی پاسەکانی دارەسووتاوەکە لاببرێت
پۆلیس چی دەڵێت؟
سەرچاوەیەك لە راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی كەركوك تایبەت بە 964ـی وت، ئەو ئۆتۆمبێلانەی مۆدێلەكانی دەگەرێتەوە بۆ ساڵانی هەشتاكانی سەدەی رابردوو، هیچ مەرجێكی توندتۆڵی تێدا نەماوە، بە بڕیاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەبێت ئەو ئۆتۆمبێلانە لە ناوببرێن.
سەرچاوەکەی پۆلیسی هاتوچۆی کەرکوک هۆکاری نوێنەکردنەوەی ساڵنامەکانی بۆ ئەو هۆکارە گەڕانەوە، ئەوەشی وت، “شۆفێر و خاوەنەکانیان ئامادە نین ئۆتۆمبیلەکانیان پان بکرێتەوە”.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا