"هەموویان لە یەک ناوچەن"

زەوى بۆ 63 پڕۆژەى قورس و مامناوەند دابین کرا

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

له‌ كۆی 73 پرۆژه‌، زه‌وی بۆ 63 پرۆژه‌ له‌ لایه‌ن لیژنەی گەشەپێدان و پشتگیری پڕۆژە پیشەسازییەکان له‌ هه‌ولێر دابین كرد، پارێزگاری هه‌ولێریش ده‌ڵێت، هه‌موو پرۆژه‌كان له‌ یه‌ك ناوچه‌ ده‌بن.

لیژنه‌كه‌ ئەمڕۆ چوارشەممە بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، بە مەبەستى پەرەپێدانى زیاتر بە پڕۆژەکانى وەبەرهێنان و پیشەسازی و زیادکردنى دەستى کار و رێژەى بەرهەمى خۆماڵى، هه‌روه‌ها هاندانى کەرتى تایبەت بۆ سەرمایەگوزارى لە هەولێر كۆبوونه‌وه‌.

راگه‌یاندنی پارێزگای هه‌ولێر ئاماژه‌یان به‌وه‌ كرد، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا داواکاری ئەو خاوەن پڕۆژانەی کە مۆڵەتیى کاریان پێدراوە و داوای تەرخانکردنى زەویان کردووە بۆ دروستکرنی کارگەکانیان، خرایە ڕوو، دواى هەڵسەنگاندن بۆ پڕۆژەکان و کار و بەرهەم و ئامانج و مەبەستیان، لە کۆی (73) پڕۆژە، (63) پڕۆژەى پیشەسازى قورس و مامناوەند بە رووبەرى جیاجیا زەویان بۆ تەرخان کرا، هه‌روه‌ها سێ پڕۆژە هەڵوەشێنرایەوە و پڕۆژەیه‌كیش رەزامەندى لەسەر نەدرا، جگه‌ له‌وه‌ی شه‌ش پڕۆژەى دیکەش بۆ دیراسه‌کردنى زیاتر دواخران و سێ پڕۆژەى وەبەرهێنانیش دواى رەزامەندى تەرخانکردنى زەوى بۆیان، گەڕێندرانەوە بۆ ریزى پڕۆژە پیشەسازییەکان.

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر له‌ لێدوانێكدا به‌ 964ی راگه‌یاند، “ئه‌و پرۆژانه‌ هه‌موویان له‌ یه‌ك ناوچه‌ و پانتایی ده‌بن، كه‌ ناوچه‌ی تیماری پیشه‌سازییه‌، پرۆژه‌ی كارگه‌كان جۆراوجۆرن و پیشه‌وه‌رین، له‌وانه‌ش كارگه‌ی ئاسن یه‌كێكه‌ له‌ پرۆژه‌كان”.
وتیشی، ئه‌و پرۆژانه‌ هه‌لی كاری زۆر ده‌ڕه‌خسێنن”.

لیژنەی گەشەپێدان و پشتگیری له‌ پڕۆژە پیشەسازییەکان له‌ هه‌ولێر، لە ماوەى ساڵانى رابردوو بە رووبەرى فراوان زەوی بۆ چەندان کارگەی پیشەسازی قورس و مامناوەند له‌ هه‌ولێر تەرخان کردووە، کە لە داهاتوویەکى نزیکدا بە دروستکردن و کەوتنەکارى ئەو کارگانە، سوودی زۆریان دەبێت بۆ پێشخستنی کەرتی وەبەرهێنان و پیشەسازی و زیادکردنى دەرفەتى کار، به‌ تایبه‌تی بۆ خه‌ڵكی هه‌ولێر.

پرۆژە وه‌ستاوه‌كانى كۆیه‌ ته‌واو ده‌كرێن

پرۆژە وه‌ستاوه‌كانى كۆیه‌ ته‌واو ده‌كرێن