دەیدەن بە سەگ

دەست بەسەر 295 قوتوو شیری بەسەرچوودا گیرا

964+

ئاکام غەفور – سۆران

لیژنەی ئابووریی ناحیەی دیانا دەستی بەسەر 295 قوتوو شیری ماوە بەسەرچودا گرت، شیرەکە لە کۆگایەک بووە لە گەڕەکی بەرخودانی ناحیەکە و لیژنەکە دەڵێت داندرابوو بگەڕێتەوە کۆمپانیا.

بە پێی زانیارییەکانی 964 شیرەکە نرخی هەر قوتووێکی نزیکی 15 هەزار دینار بووە، هەر قوتوویەک 400 گرام شیری تێدایە، بە کۆی گشتی نزیکی 120 کیلۆ شیر دەکات.

سەعید سەلیم، وتەبێژی لیژنەی ئابووریی دیانا بە 964ـی وت، “لە درێژەی گەڕانەکانمان بۆ کۆگا و دوکانەکان توانیمان دەستبەسەر شیرەکەدا بگرین، دانرابوو بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە کۆمپانیا، بەڵام دەستمان بەسەردا گرت، چونکە نازانین کە گەڕایەوە بۆ کۆمپانیا چی لێ دەکرێت، گومانمان هەبوو جارێکی دیکە لە قوتوو بکرێتەوە و بخرێتەوە بازاڕ”.

“شیرەکە دەدرێت بە شێڵتەری سۆران و ئەوانیش دەیدەن بە سەگەکانی شێڵتەرەکە، چونکە هیچ زیانێکی نابێت بۆ سەگ”، وتەبێژی لیژنەی ئابووریی دیانا وای وت

ساڵی 2022 لە سۆران بڕی 18 تۆن خۆراک کە شیاوی خواردن نەبووە لەنێوبراوە و 67 شوێن بەهۆی سەرپێچییەوە داخراون،بەڵام تا ئێستا ئاماری ئەمساڵ بڵاونەکراوەتەوە.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد

فرۆشیارەکان: خواست لەسەر شیرینی کوردی کەمبووەتەوە

فرۆشیارەکان: خواست لەسەر شیرینی کوردی کەمبووەتەوە