وردەکاری

تیمی کوردستانی CPT: لە هەرێمی کوردستان 10 هاوڵاتی بە هێرشی تورکیا مردوون

964+
ئەحمەد مستەفا

بەهۆی هێرش و بۆردومانی توركیا تا مانگی تشرینی یەکەمی 2023، لە هەرێمی کوردستان 10 هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و 12 کەسی دیکە برینداربوون، ئەوەش بە گوێرەی تیمی کوردستانی رێکخراوی CPTی ئەمریکی.

تیمی کوردستانی CPT کە رێکخراوێکی نێودەوڵەتیی ئەمریکییە و کار بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی و مافی مرۆڤ دەکات، ئاماری ژمارەی گیان لە دەستدان و بریندارانی مەدەنی و جۆر و هێرشی بۆردوومانەکانی تورکیا بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی تا مانگی 10ی ساڵی 2023 بڵاوکردەوە.

رووداوەکان بەم جۆرە بوون:

لە 1ی کانوونی دووەمی ساڵی 2023وە، تاوەکو 17ی تشرینی یەکەمی 2023، بەهۆی بۆردوومان و ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستاندا 10 هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و 12 هاوڵاتی دیکەی مەدەنیش برینداربوون.

شەش لەو هاوڵاتییە مەدەنیانە بەهۆی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و سێ هاوڵاتی تر بەهۆی فڕۆکەی جەنگی و یەک هاوڵاتی تریش بەهۆی تەقینەوەی مین لەدەوروبەری یەکێک لە بارەگا سەربازییەکان گیانیان لەدەستداوە.

لەناو بریندارەکانیشدا، دوو هاوڵاتی مەدەنی بەهۆی تەقەی راستەوخۆی سەربازانی تورکیا و نۆ هاوڵاتی تریش بەهۆی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و یەک هاوڵاتی تریش بە هۆی تەقینەوەی مین برینداربوون.

لە ناو ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە، سێ هاوڵاتی لەکاتی کۆکردنەوەی گژوگیای بەهارەدا و شەش هاوڵاتی تر لە ناو ئۆتۆمبێل و یەک هاوڵاتیش لە ماڵەوە بەئامانجگیراون.

هەرچی بریندارەکانیشن، دوو یان لە کاتی لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵاتەکانیاندا و پێنج کەسیان لە ناو ئۆتۆمبێل و سێ کەسیان لە ناو کەمپی ئاوارەکانی مەخمور و یەک هاوڵاتی لەکاتی کۆکردنەوەی گژوگیای بەهارە و یەک هاوڵاتی تریش لە ناو ماڵەکەی خۆیدا بە ئامانجگیراون.

سەبارەت بە شوێنی رووداوەکان و هێرشەکان بۆسەر هاوڵاتیانی مەدەنی کە تیایدا قوربانی مەدەنی کەوتۆتەوە، لە پارێزگای دهۆک چوار گیان لەدەستدان و دوو بریندار، لە پارێزگای هەولێر یەک گیان لەدەستدان و هەشت بریندار، هەروەها لە پارێزگای سلێمانی پێنج گیان لەدەستدان و دوو بریندار، بەهۆی ئۆپەراسیۆن و هێرشەکانی تورکیا بۆسەر خاکی هەرێم لە ساڵی 2023دا تۆمارکراون.

فڕۆکە جه‌نگییه‌كان چیای

فڕۆکە جه‌نگییه‌كان چیای "مەتین"یان بۆردومان کرد