لە 107 دۆلار نزیک بووەتەوە

هەڕەشەکانی ترەمپ لە بەرپرسانی ئێران بەهای نەوتی بەرزکردەوە

شۆڕش قادری

هەڕەشەکانی ترەمپ لە بەرپرسانی ئێران بەهای نەوتی بەرزکردەوە، ئەمڕۆ نرخی هەر بەرمیلێک لە 107 دۆلار نزیک بووەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2.4.2026 و لە کاتی کردنەوەی بازاڕی جیهانیی نەوت، هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە 106 دۆلار و 9 سەنت دیاری کراوە و نرخەکەی بەراورد بە دوێنێ ئێوارە 5.73 بەرزبووەتەوە.

هاوکات نرخی یەک بەرمیل نەوتی سووکی تێکساس بە 104 دۆلار و 6 سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت و ئەویش نرخەکەی 4.46٪ بەرزبووەتەوە.

ئەوەش دوای ئەوە دێت کە کاتژمێر 4ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەکاتی هەولێر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا وتارێکی 19 خولەکی لە کۆشکی سپی پێشکەش کرد و وتی، لەگەڵ بەرپرسانی ئێران لە گفتوگۆدان، ئەگەر رێک نەکەون، خراپیان بەسەردێت و لە دوو بۆ سێ هەفتەی داهاتوودا وڵاتەکەیان دەگەڕێننەوە چاخی بەردین.