هەڵمەتی بۆ راگەیەندراوە

رێگری لە جگەرەکێشان دەکرێت لە قوتابخانەکانی خورماتوو

964+

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

دیاردەی کێشانی جگەرە و ڤەیپ لە ناو قوتابخانەکانی خورماتوو تادێت روو لە زیادبوونە و هەڵمەتێک لەلایەن تەندروستییەوە بۆ رێگریکردن لەو دیاردەیە دەستیپێکردووە.

ئەحمەد رەمەزان سەرپەرشتیاری پەروەردەی بەشی کوردی بە 964ـی وت، رۆژانە دیاردەی جگەرە کێشان لە ناو قوتابخانەکان روو لە زیادبوونەوە قوتابیان جگەرە و ڤەیپ و جگەرەی ئەلیکترۆنی دەکێشن.

وتیشی، هەرچەندە ئەو دیاردەیە قەدەغەیە و رێگەپێدراو نییە، بەڵام داوامان کردووە لیژنەی تەندروستی بەشی سانسۆر بێت و چاودێری بخاتە سەر حانووتی قوتابخانەکان، چونکە پێیان وایە لەلایەن خاوەن حانووتی قوتابخانەکانەوە بە رێکەوتن شتی ناتەندروست دەفرۆشن بە قوتابیان و تووشی زیانیان دەکەن.

هەر بۆ ئەو مەبەستە لیژنەکانی تیمی تەندروستی دوزخورماتو هەڵمەتێکیان بۆ رێگریکردن و نەهێشتنی دیاردەی کێشانی جگەرە و نێرگەلە و شتی ناتەندروست لە نێو بەشێک لە قوتابخانەکانی قەزاکە دەستپێکرد.

فەوزی ئەکرەم بەڕێوەبەری کەرتی تەندروستی کۆماری بە 964ـی وت، رێنماییان دەرکردووە و پێکهاتووە لە رێگریکردن لە جگەرە و نێرگەلەکێشان و خۆپارێزی لە جۆرەکانی نەخۆشی و گرنگیدان بە پاکوخاوێنی لەناو قوتابخانەکاندا، ئاماژەی بەوەش کرد، لیژنەکانیان رێنمایی بە مامۆستایانی قوتابخانەکان دەدەن هەر قوتابیەک کێشەی تەندروستی هەیە راستەوخۆ بینێرنە لایان بە مەبەستی چارەسەری خێرا.

لە سنووری قەزای خورماتوو نزیکەی 150قوتابخانە هەیە، هەڵمەتەکە نزیکەی 30 قوتابخانەی گرتووەیەوە، بەردەوامیش دەبن تاوەکو سەرجەم رێنماییەکانی تەندروستی جێبەجێ دەکرێت لەناو قوتابخانەکانی قەزاکەدا.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

حكومەت و پەرلەمان لەسەر پارەی حانوتی قوتابخانەكان رێك...

حكومەت و پەرلەمان لەسەر پارەی حانوتی قوتابخانەكان رێكناكەون