شەشەمین جارە
دیوارەکەی شەقامی سالم مێژووی لەسەر دەنەخشێندرێت
964+
دیلان محەمەد جەزا
سێ شێوەکاری گەنجی سلێمانی سەرقاڵی نوسینەوەی مێژوون لە رێگەی فڵچەکانیانەوە، تابلۆی کەسایەتییە مێژووییەکانیان هێناوە و لەسەر دیوار بەندی شەقامی سالم دەیان نەخشێنن.
پرۆژەکە لە 17 تابلۆی هونەری پێکهاتووە، هەریەکە لە وێنەی بەردەرکی سەرا، شێخ مەحمودی حەفید، پیرەمێرد، تۆفیق وەهبی، ئەمین زەکی بەگ، مام جەلال، نەوشیروان مستەفا، حەپسەخانی نەقیب، کەریمی عەلەکە و چەند پێشمەرگەیەک لە خۆ دەگرێت.
چۆمان جەلال، یەکێک لە شێوەکارەکان و سەرپەرشتیاری پرۆژەکە بە 964ـی وت، پڕۆژەی کێشانی وێنەی کەسایەتیە مێژووییەکان و بەردەرکی سەرای سلێمانی ماوەی هەفتەیەکە لەسەر دیواری راگری شەقامی سالم دەستی پێکردووە.
وتیشی، رووبەری پرۆژەکە هەزار و 300 مەتر چۆر گۆشەیە، بەرزترین خاڵی دیوارەکە حەوت مەترە و نزمترینی 50 سانتیم مەترە.
ئەو سەرپەرشتیارە دەڵێت، تێچووی نەخشاندنی دیوارەکە، لەلایەن کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت دابین کراوە، ماوەی دوو مانگ و 15 رۆژ دانراوە بۆ تەواو بوونی پرۆژەکە پێویستە.
دیواری راگری شەقامی سالم لە ساڵی 1991ـەوە تا ئێستا پێنج جار وێنەی لەسەر کێشراوە، ئەم پڕۆژەیە دەبێتە شەشەم پرۆژەی هونەری لەسەری.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا