پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون دەبات و سێ پرۆژەی خزمەتگوزاریی دەداتەوە

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

بەرامبەر جێبەجێکردنی سێ پڕۆژەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاو، کارەبا و شارەوانیی گەرمیان، پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون دەدرێتە کۆمپانیای پیرەمەگروون و ١٧٥٠ یەکە دروست دەکات.

964+ دەزانێت، زەوییەکە ٤٠٠ دۆنمە و هەرسێ پڕۆژەکەی لەسەر جێبەجێ دەکرێت و دەکەوێتە شاری کەلارەوە. ئەو زەوییەی دەمێنێتەوە وەبەرهێنەرەکە دەیکاتە پڕۆژەی نیشتەجێبوون.

هونەر مەحمود، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی گەرمیان بە 964+ـی وت، سێ پڕۆژەی پێویست هەبوون، کە بریتی بوون لە دووسایدکردنی شەقامی شەستی کەلار، گواستنەوەی بۆرییەکی ئاو و راکێشانی سێ هێڵی کارەباش.

تێچووی ئەو سێ پڕۆژەیە ٤٠ ملیار دینارە، کۆمپانیای پیرەمەگروون، کە یەکێکە لە کۆمپانیاکانی گرووپی قەیوان ئامادەیی جێبەجێکردنیانی دەربڕیوە.

“کۆمپانیاکە دوای ئەو سێ پڕۆژەیە زەوییەکە دووبارە ئامادە دەکاتەوە، پێدەچێت ٣٠٠ دۆنم زەوی بۆ بمێنێتەوە و ١٧٥٠ یەکەی نیشتەجێبوونی بە سەرمایەی ٣٥٠ ملیۆن دۆلار لەسەر دروست دەکات”، هونەر مەحمود وای وت.

بە قسەی هونەر مەحمود، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنان گەرمیان، ٩٩ داواکاری بۆ دروستکردنی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی بۆ هاتووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی زەوی ناتوانن مۆڵەتەکان بدەن.