دەیانویست لەبازاڕی سلێمانی ساغیبکەنەوە

قایمقامیەتی سلێمانی دەستیگرتووە بەسەر هەنگوین و گوێزی خراپ بوو

964+

توانا نەقی

دەست بەسەر بڕێکی زۆر گوێز و هەنگوینی خراپ بوودا گیرا و کۆمپانیاکانی گواستنەوەی کاڵاو خۆراکیش ئاگادار کرانەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، قایمقامیەتی سلێمانی بڵاویکردەوە، لیژنە هاوبەشەکانیان دەستیان بەسەر بڕێک گوێز و هەنگوینی هاوردەدا گرتووە کە شیاونین بۆ خواردن.

بەپێی راگەیەنراوەکەی قایمقامیەت، گوێزەکە بڕی دوو تۆن بووە و لەدەرەوەی سلێمانییەوە هاوردە کراوە و دوای دەست بەسەردا گرتنی لەناو براوە.

هەروەها دەست بەسەر 150 کیلۆگرام شیلە و شانەی هەنگوینی هاوردەکراوی بێ بەرواردا گیراوە کە بە نرخی هەنگوین دەفرۆشرێت لە بازاڕەکاندا.

پێشترو بە بڕیاری بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی سلێمانی هەنگوینی شانەی هاوردە و بەبڕیاری تەندروستی سلێمانی شیلەی دروستکراوی هاوردە قەدەغە کراوە و رێگە نادرێت بەناوی هەنگوینەوە لە بازاڕەکاندا بفرۆشرێن.