زیاتر لە 200 مین لەناوبران

سەختترین کێڵگە مینی هەرێمی کوردستان پاککرایەوە

هاوبەش ئەبوبەکر

لە سنووری قەزای مێرگەسوور، زیاتر لە 200 مین و چەندین پارچە تەقەمەنی و پاشماوەی جەنگی دۆزرانەوە و لەناوبران.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 12.10.2023، جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای مین بە 964ـی راگەیاند، لە کێڵگەمینی سەری قەلەندەر A، کە کەوتووەتە گوندی شێرۆکیانی قەزای مێرگەسوور، رووبەری 35 هەزار مەتر دووجا زەوی لە مین پاککرایەوە.

“سەری قەلەندەر A یەک لەکێڵگەمینە هەرە سەختەکانە و رێژەیەکی زۆری مینی دژەکەسی تێدابوو کە زیاتریان لە جۆری ڤاڵماران”، جەبار مستەفا وای وت.

بە وتەی سەرۆکی دەزگای مین، پرۆسەی پاککردنەوەی ئەم کێڵگەمینە لەلایەن رێکخراوی (ITF) سلۆڤینی پاڵپشتی کراوە بە دابینکردنی ئۆتۆمۆبێل بۆ کارپێکردنی تیمەکانی مینلابەر.