زیانلێکەوتووانی تۆپبارانەکانی تورکیا و ئێران قەرەبوو دەکرێنەوە

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

حکومەتی عێراق بڕیاری داوە زیانلێکەوتووانی تۆپبارانەکانی تورکیا و ئێران لە هەرێم قەرەبوو بکاتەوە، پەرلەمانتارێکیش هاتنی لیژنەیەکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە سەرەتای ساڵی نوێدا بۆ هەرێم بۆ ئەو مەبەستە پشتڕاست دەکاتەوە.

لە زاری دارا سێکانیانی، پەرلەمانتاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە دەزانێت، لە مانگی ئابی ٢٠١٥ـەوە تا ئێستا ١٥٠ ھاووڵاتیی ھەرێمی کوردستان بەھۆی تۆپباران و بۆردومانەکانی تورکیا و ئێران شەھید بوون و ٢٥٠ ھاووڵاتیی دیکەش بریندار بوون.

ئەو پەرلەمانتارە روونی دەکاتەوە، بڕیاری قەرەبووکردنەوەکە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە دراوە، بەڵام چۆن و بڕی قەرەبووەکە چەند دەبێت، ئەو لیژنەیە دیاریی دەکات کە سەردانی هەرێم دەکات.

تۆپبارانەکانی هەریەکە لە وڵاتانی ئێران و تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێم ناوبەناو بەردەوامن و بەهۆی مەترسیش لەسەریان، تا ئێستا دانیشتوانی نزیکەی ٦٠٠ گوندی ناوچە سنوورییەکان زێدی خۆیان جێهێشتووە.