دیمەنێک لە پانێڵی دیداری مێری لە هەولێر کە سەرۆکی 964 و سەرۆکی هەرێم تێیدا دەبینرێن. وێنە: 964
نێچیرڤان بارزانی لە 50 خولەکدا.. تاوێک نیگەران و تاوێک گەشبین
گلەیی لە بەغدا و چارەش هەر لەگەڵ بەغدایە
964+
ژووری هەواڵ
دوا پانێڵی ئەمڕۆی دیداری مێری گەموگوڕترین و پڕ تەماشاوانترین پانێڵ بوو، سەرۆکی هەرێم زیاتر لە (50) خولەک بە دوورو درێژی باسی وەزعی ناوخۆی کوردستان و بەغداو دەرودراوسێی و ئەمریکاشی کرد.
قسەکانی سەرۆکی هەرێم ئاوێتە بوو لە پەیامی رووبەڕوو، پێکەنین و خۆ دەربازکردن لە هەندێ پرسیارو بابەت کە نەیدەویست هیچیان لەسەر بڵێت.
هیوا مەحمود عوسمان سەرۆکی تۆڕی 964 پانێڵەکەی بەڕێوە دەبرد، کە دانیشتنەکەی کردەوە وتی ”کاک نێچیرڤان سەرۆکی هەرێم و سەرەک وەزیرانی پێشوو، پیاوی ناسراو بە میانڕەوی” سەرۆکی هەرێم بە جۆرێک لە سەرسوڕمان و خەندەوە تەماشای کرد و وتی ”ئەوە هیوا مەدحم دەکات!!”، هیوا مەحمود عوسمانیش لەگەڵی پێکەنی و وتی جارێ، بەو مانایەی لەو جۆرە دیدارانەشدا دەستبەرداری پیشە رۆژنامەوانییەکەی خۆی نابێت و ئەوە رێگەخۆشکردن بووە بۆ پرسیارە راشکاوەکانی.
بۆ بارودۆخی ناوخۆ، سەرۆکی هەرێم گەشبین بوو بەوەی کێشەکان ئەوەندە ئاڵۆز نین کە چارە نەبن.
لەبارەی پەیوەندی هەرێم و بەغداوە نێچیرڤان بارزانی گلەیی لە بەغدا هەبوو وتی ”کێشەی جەوهەری هەیە… ئەوەی بەغدا دەیکات هەموو شتێکە بەس فیدراڵی نییە”.
هیوا مەحمود عوسمان لە سەرۆکی هەرێمی پرسی: جاران کە سەرۆک وەزیران بوویت، ئەگەر کێشەیەک لەگەڵ بەغدا چارە نەبوایە دەچویتە تاران و دەهاتیتەوە چارەسەر دەبوو، سەرۆکی هەرێم تەماشایەکی کرد و وتی ”حەلی کێشەکانی ئێمە لەبەغدایە، لە ئێران نییە هیوا”.
ئەوەندەی پەیوەندی بە مەلەفی نەوتەوە هەیە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم باسی لەوە کرد ناردنی نەوت دوو بەربەستی لەپێشە، یەکەم پارەی کۆمپانیاکان، دووەمیش گرێبەستی سۆمۆ و کۆمپانیاکانە، وتیشی ”کێشەکە لە تورکیا نییە لە بەغدایە”.
هیوا مەحمود عوسمان پرسیاری فڕۆکەخانەی سلێمانی لە سەرۆکی هەرێم کردو لێنەدەگەڕاو دەیویست وەڵام دەست بخات، سەرۆکی هەرێم وتی بەبەردەوام ئێمە لەسەر خەتین بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە، ئەوان [تورکیا] هەندێ نیگەرانیان هەیە دەبێ چارەسەر بکرێت، هیوا عوسمان هەر سوور بوو لەدەستکەوتنی وەڵامەکە وتی ناتوانین نیگەرانیەکە بزانین؟، سەرۆکی هەرێم وتی ”دە بەسە هیوا”، ئیتر سەرۆکی هەرێم و هەموو ئامادەبوان کەوتنە پێکەنین.
لەبارەی پاڵپشتی ئەمریکاو گلەییەکانی ئەمریکا لە هێزی پێشمەرگە، سەرۆکی هەرێم وتی ”گلەییەکانیان لەسەر یەکنەگرتنەوەی پێشمەرگە زۆر حەقە”.
نێچیرڤان بارزانی گلەیی زۆر بوو لە مامەڵەی بەغدا بەتایبەتی لە مەسەلەی بودجە، وتی ”ئەو تەعامولەی لەرووی مالیەوە بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەیکات، لەهیچ فیدراڵیەتێکی عالەمدا شتی وا نییە”.
لە کۆتایی پرسیارەکان بوو کە هیوا مەحمود عوسمان پرسی: هیچم بیر چوو؟ سەرۆکی هەرێم دەستی کرد بە پێکەنین و وتی ”هەر خوا خوامە تۆ تەواوبی، هەرچەند لەگەڵ من زۆر باشبووی، تۆ بەناوبانگی بە توندڕەوی”.
ئەم دوو رۆژە لە هەولێر بەشێکی زۆری قسە رۆیشتووەکانی هەولێر و بەغدا کۆدەبنەوەو لە هۆڵێکدا بە بەرچاوی میدیاکانەوە شەن و کەوی بارودۆخەکە دەکەن و لە چارەیەک دەگەڕێن.
ئینستیتیوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە “مێری” ساڵانە لە هەولێر و لەبەغداش ئەم جۆرە دیدارانە رێکدەخات، گرنگییەکەی ئەوەیە ئەو کەسانە پێکەوە گفتوگۆ دەکەن کە لە هەولێرو بەغدا خاوەن بڕیارن.
بۆ ئەمساڵ دیدارەکە دوو رۆژە، ئەمڕۆ یەکەم رۆژی بەڕێوەچوو سبەینێش هەر لە هۆتێل رۆتانای هەولێر دووەم و کۆتا رۆژی بەڕێوە دەچێت، ئەو بابەتانەی لە دیدارەکە باس دەکرێن، حکومڕانی، نەوت، وزە، سەرکردایەتی ژنان، سیاسەتی میدیایی هەواڵ، رۆڵی ئەمریکا و رێکەوتنی شنگال دیارترین بابەتەکانی گفتوگۆن.
لە هەرێمی کوردستان، سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی و جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیری ناوخۆ لەو بەرپرسانەن کە پانێلیان هەیە، لە عێراقش راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی و پارێزگاری نەینەواو عەمار حەکیم و چەند بەرپرسێکی تر بەشدارن، باڵێۆزی چەند وڵاتێکی ئەوروپی و نوێنەرانی ئەمەریکاش قسەیان دەبێت.
تیمی 964 ئەم دوو رۆژە لە هۆڵی کۆنفرانسەکانەوە رووماڵی دیدارەکە دەکەن و وردەکارییەکەی دەگوازنەوە.